مامۆستایانی زانکۆ: کورد بە قۆناخێکی زێڕیندا تێدەپەڕێت

 مامۆستایانی زانکۆ: کورد بە قۆناخێکی زێڕیندا تێدەپەڕێت
مامۆستایانی زانكۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەمڕۆ جیهان پشتگیری لە گەلی كورد دەكات، ئەوەش هەمووی بۆ كارێزما و دیپلۆماسیی (سەرۆك بارزانی) دەگەڕێتەوە، بۆیە زۆر پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەكان پشتگیری لە هەنگاو و بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم بكەن، كە هەڵگری پەیامی سەربەخۆییی كوردستانە.

(د. ڕەزا محەمەد)، مامۆستای زانكۆ لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''واقعی ئەمڕۆی كوردستان پێویستی بە ڕۆئیایەكە متمانەبەخش بێت و هەموو لایەنەكان بە یەك بیروبۆچوونەوە تێڕوانینیان بۆ سەربەخۆیی هەبێت، لەسەر بنەمای ستراتیژیی (سەرۆك بارزانی)، كە هەڵگری پەیامی سەربەخۆییی كوردستانە، چونكە نەتەوەی كورد لە هەرێمی كوردستان هیچ ڕێیەكی دیكەی لەبەردەمدا نەماوە، جگە لە سەربەخۆیی، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەبێ جیاوازی پشتگیری لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی گەلی كورد سەربەخۆ بێت، چونكە تاكە كەس كە بتوانێت كورد بەرەو سەربەخۆیی ببات، سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.''

(د. ڕێباز غەفوور)، مامۆستای پەیمانگا لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتگیری لە گەلی كورد دەكەن، ئەوەش هەمووی بۆ دیبلۆماسی و كارێزمای (سەرۆك بارزانی) دەگەڕێتەوە، چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان و یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەكان ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی كوردستان، دەنا لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە گەلی كورد شتی زۆر باشی كردووە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە گەلی كورد دەكات، بۆیە دەبێ كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكەین و خۆمان ئامادە بكەین و پشتگیری لە هەنگاو و بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم بكەین، بۆ ئەوەی خەباتی گەلی كورد بەفیرۆ نەچێت.''

(د. سەفەری جەبار)، مامۆستای زانكۆ لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''نەتەوەی كورد هیچی لە گەلانی جیهان كەمتر نییە و مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، بۆیە ئێستا گونجاوترین كاتە بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان، (سەرۆك بارزانی)یش دەزانێ نەتەوەی كورد جگە لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هیچ ڕێگایەكی دیكەی لەبەردەمدا نەماوە، بۆیە دەرفەتێكی زێڕین بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە و دەبێ لایەنەكان ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكەن، بۆ ئەوەی گەلی كورد داهاتووی خۆی دیاری بكات چونکە ئێستا کورد بە قۆناخێکی زێڕیندا تێدەپەڕێت.''
kdp-
Top