ئەشواق جاف: لەسەر مانەوەی كۆمیسۆنی باڵا هەڵبژاردنەكان پارتی لەگەڵ مالیكی هاەودەنگ نییە
ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند: "هەر فراكسیۆنێكی ناو پەرلەمانی عێراق لەسەر مانەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆچونی جیاوازی خۆی هەیە، "یەك دەنگ نین"، چونكە بەشێك لە فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بۆ مانەوەی كۆمیسیۆن دەدەن، بەڵام بەشێكی دیكەیان بە پێچەوانەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، كاتێك هەر یەكە لە یەكێتی و پارتی دەنگ لەسەر مانەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەدەن "لەبەر خاتری چاوی ڕەشی مالیكی نییە"، بەڵكوو بەپێی مافی هەڵبژاردنەكان یەكێتی و پارتی نوێنەری خۆیان لە كۆمیسیۆن هەیە، هەر ئەوەشە وای كردووە دەنگ لەسەر مانەوەی كۆمیسیۆن بدەن".
هەرچەندە تا ئێستا پێشهاتەكان دیار نین كە كێ دەنگ بە مانەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەدات و كێ دەنگی پێ نادات، بەڵام ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كرد "هەوڵێك بۆ وەرنەگرتنەوەی متمانە لە كۆمیسیۆن هەیە، بەڵام بە مەرجێک ئەو دەموچاوانە نەبینرێنەوە، لە هەمانكاتدا داوا دەكرێت ئەگەر متمانە لە كۆمیسیۆن وەرگیرایەوە، با چیتر لێپێچنەوە لەگەڵ هەندێ لە وەزیرەكاندا نەكرێت".
باسنیوز
