سەعدی ئەحمەد پیرە: کۆمیتەی ڕیفراندۆم بڕیار لەسەر کاتی ئەنجامدانی پرۆسەکە دەدات
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: "شاندێکی هاوبەش لە 2/4/2017 لە نێوان یەکێتی و پارتیدا پێکھێنرا و لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کۆبوونەوە و دواتر لەسەر ھەمان پرس سەردانی بەغدایان کرد، بەڵام ئێستا ھیچ شاندێکی ھاوبەش لە نێوان یەکێتی و پارتیدا نییە، چونکە یەکێتی و پارتی ناتوانن بەتەنیا نوێنەرایەتیی ھەموو خەڵک بکەن".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاشکرای کرد: "ئێستا ئامادەکاری بۆ پێکھێنانی دەستەیەک لە نێوان ھەر پێنج لایەنە سیاسییەکەی ناو پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، لەگەڵ نوێنەرێکی پێکھاتەی کلد و ئاشووری و نوێنەرێکی پێکھاتەی تورکمانی. ئێستا بەشێک لە لایەنەکان نوێنەری خۆیان دیاری کردووە و بەشێکیشیان ھێشتا ماون".
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو حەوت لایەنە دەتوان بڕیار لەسەر ھەنگاوی داھاتووی ڕیفراندۆم و کاتەکەی لە ھەرێمی کوردستاندا بدەن".
پێشتر مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کرد کە جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لایەنەکانی دیکە نوێنەریان بۆ کۆمیتەکە دیاری کردووە یان ئامادەییان نیشان داوە.
دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردنی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت. لە هەفتەی ڕابردووشدا مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پاشەکشە ناکەن. بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێی میدیاکانەوە هەڵمەتێکی فراوانی دژی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەست پێ کرد.
باسنیوز
