ئێران جارێکی دیکە دژایەتیی خۆی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند

 ئێران جارێکی دیکە دژایەتیی خۆی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند
دوای ئەوەی گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی لەگەڵ ڕاپرسی و ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان دژایەتیی کرد، ئەمجارەیان یەکێک لە ڕواێژاکرە باڵاکانی خامنەییش دژایەتیی خۆی لەم بارەوە ڕاگەیاند.

عەلی ئەکبەر وەلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژیکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندیی ئێران ڕایگەیاند "ئێران دەتوانێ بۆ پێشگیری لە لاوازی و دابەشبوونی وڵاتانی ناوچە و لەڕاستای ئاشتی سەقامگیریدا ڕۆڵی گرنگ بگیڕێت.

عەلی ئەکبەر وەلایەتی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ڕایگەیاندووە "ئێران بەرگری لە سووریا و عێراق و سەروەرییان" بە بەرگری لە خۆی دەزانێت، چونکە لەو باوەڕە دایە پێشگیری لە دابەشبوونی ئەم وڵاتانە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە زۆر گرنگە.

هەفتەی پێشووش بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕای گەیاندبوو "ئێمە دژی ڕاپرسی و سەربەخۆیی کوردستان و پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەین."

هاوکات نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامدا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک نیگەرانیی خۆی لەم هەڵوێستەی ئێران نیشان دا.

لە بەشێک لە وەڵامەکەدا هاتبوو "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە فەرمی ڕای گەیەندووە کە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، پرسێکی ناوخۆییە و پەیوەندیی بە عێراقەوە هەیە و بۆ ئەم مەبەستە لەڕێگەی گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا بڕیار دەدرێت، بۆیە لە دەرەوەی ئەم پرس و چوارچیوەیە هەر وتەیەک ڕەت دەکەینەوە و جەخت دەکەینەوە کە ڕێگە بە دەستێوەردانی هیچ لایەنێک نادەین."






باسنيوز
Top