عەبادی فەرمانی لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی کادیرێکی پارتی دەکات
محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە، بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لێژنەیەک بە سەرپەرشتیی بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێکهاتووە و سەردانی کەرکووکی کردووە.
لێژنەکە لێکۆڵینەوە لە رووداوی تیرۆرکردنی محەمەد یونس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای گازی باکوور و کادیری پارتی لە کەرکووک دەکات و محەمەد خورشید ئامادەیی حزبەکەی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ لێژنەکە نیشان داوە و رایگەیاندووە، ”بەڵام ئەوە زیاتر ئەرکی دەزگا ئەمنییەکانە“.
محەمەد خورشید پێیوایە کوشتنی محەمەد یونس ”کردەیەکی تیرۆریستیی ھەڕەمەکی نەبووە“ و بەپێی زانیارییەکانی ئەوان، ”پیلان بۆ شەھیدکردنی ھەڤاڵ (محەممەد) دانراوە، ھەندێک بەڵگەیشمان لە بەردەست بوون کە رادەستی لیژنەی لێکۆڵینەوەمان کردوون و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەین بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنیان".
رۆژی 2.5.2017، ژمارەیەک چەکدار لە نزیک بازگەیەکی گەڕەکی یەکی حوزەیران لە باشووری کەرکووک، دەستڕێژی گوللەیان لە محەمەد یونس کرد و خۆی و پاسەوانەکەیان کوشت.
باسنيوز
