لە كەركووك پێشمەرگە هێرشێکی گەورەی داعش تێک دەشکێنێت

لە كەركووك پێشمەرگە هێرشێکی گەورەی داعش تێک دەشکێنێت
ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرش دەکەنە سەر بنکەیەکی سەربازیی لە پارێزگای کەرکووک و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هێرشەکەیان تێکشکاندووە.



عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکووک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 7.5.2017، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازیی ئاسمانیی کەیوان لە رێگای نێوان کەرکووک - دووبز.



بە گوتەی عەمید سەرحەد قادر، یەکێک لە چەکدارەکانی داعش لە ناو بنکەکە خۆی تەقاندووەتەوە و ئەوانی دیکەش بە دەستی پێشمەرگە کوژراون و هێرشەکە پووچەڵ کراوەتەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی و دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی سنووری شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.



باسنیوز
Top