بە هۆی پەكەكەوە 90 گوندی ئامێدی ئاوەدان نەكراونەتەوە.. داوا دەكرێ گوندەكان چۆڵ بكەن

 بە هۆی پەكەكەوە 90 گوندی ئامێدی ئاوەدان نەكراونەتەوە.. داوا دەكرێ گوندەكان چۆڵ بكەن
زیاتر لە 90 گوندی سنووری شارۆچكەی ئامێدی لە ژێر دەسەڵاتی پەكەكەدان و، خەڵكی ئەو گوندانەیش لە ترسی بۆردوومانكردنی پەكەكە لەلایەن توركیاوە، ناوێرن بگەڕێنەوە، بۆیە داوا دەكەن هەرچی زووە لە گوندەكانیان بچنە دەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاواییەكانی خۆیان.

(فەرمان حەمید) كە هاووڵاتییەكی شارۆچكەی ئامێدییە، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "نیوەی سنووری ئامێدی لە دەست پەكەكەدایە، بۆ هەر شوێنێك بچی پەكەكەی لێیە و ناچاری بگەڕێیەوە، ئەگەر لەبەر ئەوان نەبێت ئامێدی دەبێتە خۆشترین شوێن بۆ گەشتوگوزار، بەڵام چی بكەین لەبەر پەكەكە ناتوانین دوو هەنگاو بنێین، بۆیە داوایان لێ دەكەین، خۆیان ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان چۆڵ بكەن".

(ڕزگار ڕەشید)ـی دانیشتووی شیڵادزێیش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "رۆژانە لەبەر كارە خراپەكانی پەكەكە خزم و كەسانی ئێمە شەهید و بریندار دەبن، ئەوەی دوێنێ شەهید بوو، هەر لەبەر پەكەكە بوو، ئەگەر ئەوان لە ناوچەكە نەبوونایە، توركیایش ناوچەكەی بۆردوومان نەدەكرد، لەگەڵ ئەوەی بە دەیان گوندی ناوچەكە هەر لەبەر پەكەكە چۆڵ كراون و خەڵكەكە ناتوانێ بگەڕێتەوە، بۆیە داوا لە پەكەكە دەكەین ئەگەر خۆیان بە لایەنێكی كوردی دادەنێن، نەبنە ڕێگر لە بەردەم ئاوەدانكردنەوەی گوند و ئاواییەكانی ئێمە و بگەڕێنەوە شوێنی خەباتی خۆیان، كە باكووری كوردستانە".

هاوكات (چیا مستەفا) كە فەرمانبەرێكی شارەدێی شێلادزێیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پەكەكە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا ڕێگری لە ئێمە دەكات بگەڕێینەوە سەر گوند و ئاواییەكانی خۆمان، ئێستا وەرزی بەهارە و لەبەر پەكەكە ناتوانین بچین گیای بەهاری بهێنین، لە وەرزی هاوینیشدا ناتوانین ڕەز و باخەكانی خۆمان چاك بكەین، هەر جارێك بچینەوە پەكەكە باجمان لێ وەردەگرێ، بۆیە ئەگەر وا بڕوات و پەكەكە هەر لە ناوچەكە بێت، هاووڵاتیانی ئەو گوندانەی ماون، ئەوانیش گوند و ئاواییەكانی خۆیان چۆڵ دەكەن، ئەوەیش هەمووی لەبەر پەكەكەیە".
kdp-
Top