"لە لای ڕاستی مووسڵ خەڵک لەبرسان دەمرن''
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، (سەعید مەمووزینی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''داعش لە لای ڕاستی مووسڵ هەڵدێن و ئەمڕۆش بە هۆی هەڵاتنەوە ٨ چەکدار و ئەمیرێکی خۆیان گوللەباران کرد، کە ئەمیرەکەیان خەڵکی سعوودییە بوو.''
(مەموزینی) دەڵێت: ''ئێستا لە لای ڕاستی مووسڵ شەڕ زۆر گەرمە و بەئاسانی ئەو لایەی شارەکە ڕزگار ناکرێت.''
(مەموزینی) باسی گوزەرانی خەڵکی لای ڕاستی مووسڵی کرد و گوتی: ''ژیانی خەڵکی لای ڕاستی مووسڵ لەمەترسییەکی زۆردایە و هیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە؛ نە ئاو، نە خۆراک؛ ئەمرۆ سێ منداڵ بە هۆی برسییەتییەوە گیانیان لەدەست دا و، خەڵک لەبرسان دەمرن و بەهۆی برسییەتییەوە لە لای ڕاستی مووسڵ قیامەت هەڵساوە.''
(مەموزینی) ئەوەیشی خستەڕوو: ''ئەو هێزانەی کە لە مووسڵن، ئاڵای مەزهەبی هەڵدەدەن و ئەمەش دەبێتە هۆکاری دواکەوتنی ڕزگارکردنی مووسڵ، تا ئێستا ٢٥%ی مووسڵ ماوە، کە بەتەواوی ڕزگار بکرێت و زیاتر لە ٦٠%ی لای ڕاستی شارەکە هێشتا ڕزگار نەکراوە و پێشبینیش دەکرێت، کە ڕزگارکردنی مووسڵ لانی کەم مانگێکی دیکەی پێ بچێت.''
kdp-
