"سبەی لە قامشلۆ خۆپێشاندانێكی گەورە دژی پەیەدە بەڕێوە دەچێت"

ئەندامێكی كۆمیتەی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ـ سووریا رایگەیاند، سبەی یەكشەممە لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە قامشلۆ، خۆپێشاندانێكی گەورە دژی كردەوە خراپەكانی پەیەدە بەڕێوە دەچێت و، خەڵكی رۆژئاوا چیی دیكە ڕێگە نادەن پەیەدە دەستگیریان بكات و بارەگاكانی لایەنەكانی دیكە دابخەن.


(نووری بریمۆ)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "پەیەدە لەسەر كار و كردەوە خراپەكانی خۆی بەردەوامە و رۆژانە ئەندام و لایەنگرانی ئێمە دەستگیر دەكات و بارەگاكانمان دادەخات، حەفتەی رابردوو بارەگای ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە قامشلۆ كرایەوە، ئەوان هاتن دووبارە دایان خستەوە، بۆیە بڕیارمان داوە بە هەر شێوەیەك بێت بارەگاكانی خۆمان بكەینەوە، هەر بۆیە سبەی لە شاری قامشلۆ بە خۆپێشاندانێكی گەورە، كارە خراپەكانی پەیەدە شەرمەزار دەكەین، كە بەردەوام دژایەتیی كورد و ئاڵا و پڕۆژەی كوردان دەكات".

(بریمۆ) گوتیشی، "پێویستە پێشمەرگەكانی رۆژئاوا لە زووترین دەرفەتدا بگەڕێنەوە رۆژئاوای كوردستان، ئەگەر پەیەدە خۆی بە حزبێكی كوردی زانیبایە، نەدەبوو ڕێگر بایە لە گەڕانەوەی پێشمەرگەكانی رۆژئاوا، چونكە ئەوان بۆ بەرگری لە خاكی رۆژئاوا دامەزراون، كەچی پەیەدە ڕێگە نادات ئەوان بگەڕێنەوە و هەماهەنگی لەگەڵ خەڵكی عەرەب و حەشدی شەعبی دەكەن و ئەوان دێنە خاكی رۆژئاوا، بگرە هەماهەنگی لەگەڵ هەموواندا دەكەن، جگە لە هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا نەبێت، بۆیە ئێمە لە دەرفەتێك دەگەڕێین كە پێشمەرگەكانی رۆژئاوا بگەڕێنەوە، كە بە ڕێككەوتن بێت، یان بە هاوكاریی ئەمەریكا و گۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونكە رۆژ بۆ رۆژ رۆژئاوای كوردستان چۆڵ دەبێت".
kdp-
Top