یەکێتی لەبارەی هەڵمەتەکەی گۆڕان دژی مەسرور بارزانی نیگەرانی دەردەبڕێت
پاش ئەوەی لە کاردانەوەکانیان بەرامبەر وتەکەی مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە لە کەرناڤاڵێکی تایبەت بە ڕیفراندۆم ئەوەی ڕاگەیاند، لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پاشەکشە ناکەن. گۆڕان لە ڕێگەی میدیاکانیەوە هەڵمەتێکی دژی مەسرور بارزانی و پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەست پێ کرد.
لەمبارەیەوە ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر،ڕایگەیاند: ”ئەم هەڵمەتانە نەک خزمەت بە پرۆسەکە ناکات، بەڵکو ئەم گفتوگۆ و دایەلۆگ و لێکنزیکبوونەوانەش کە لە کوردستان دروست بووە، پەک دەخات“.
هاوکات ڕەخنەشی لە میدیاکانی گۆڕان گرت بەوەی کە ”هەندێک لەو بەڕێزانە“لە ئەتەکێتی ڕۆژنامەوانی و پرەنسیپەکانی کەسانی سیاسیش دەردەچن، چونکە ”دەبێت ڕاگەیاندنەکان بە زمانێک بێنە گۆ کە مەقبول بێت، نەک بە هەڕەشە و گوڕەشە و بە شێوازێک کە خزمەت نەک بە پرۆسەکە نەکات، بەڵکو ئەو دەستپێشخەری و هەوڵی خێر و برایەتییانەش دوا دەخات یاخود تەگەرەی بۆ دروست دەکات“.
ڕێباز بێرکۆتی جەختی لەوە کردەوە: ”گۆڕان دەستیان نەپاراستووە، ئەمە مەسەلەیەکی بەرنامەداڕێژراوە، هەموو سیمبولەکانی کوردستان، خەڵکی نیشتمانی و نەتەوەیی، سەرکردە باڵاکانی حزبەکان، تەنانەت بەرامبەر بەو سەرکردانەی کە لە ژیانیشدا نەماون، شێوازێکیان بەکار هێنا کە بێڕێزییەکی زۆر دروست بوو، ئەمە هانی خەڵکی گەنج و سۆسیال میدیاشی داوە کە ڕێزێک بۆ کەسانی سیاسی و تێکۆشەرانی سەردەمی خەبات نەهێڵنەوە“.
بە بڕوای ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، تۆمەت بەخشینەوە بە شتی خراپ و ئەو هەڵمەتانە، هیچیان بە ئەنجام ناگەن. گوتیشی: ”نەتیجەکەش دەری خستووە کە ئەوان بە ڕاگەیاندنی خراپ و زمانی زبر هیچ ئەنجامیان نەبووە، کەناڵی KNN، هەموو شتێکیان پێشێل کردووە، بەشێکی زۆری بنەماکانی ڕاگەیاندنیان پێشێل کردووە، بۆیە پێموایە ئەم هەڵمەتانە هەمووی لە ئەنجامی ئەوەیە کە بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون و پەیامەکانیان بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە، بۆیە پەلاماری خەڵکی تێکۆشەر و ئەو کەسانە دەدەن“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو هەڵمەتانەی لە میدیای گۆڕانەوە دەکرێت، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی حزبەکەیە و ”هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندنی سەر بە حزبێک، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی حزبەکەیە“.
باسنیوز
