سەنتەرێک بۆ چاودێری و چارەسەری ئاڵوودەبوانی دەکرێتەوە

سەنتەرێک بۆ چاودێری و چارەسەری ئاڵوودەبوانی دەکرێتەوە
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە نیازە سەنتەری چاودێری و چارەسەری ئاڵوودەبوانی ماددە ھۆشبەرەکان دابمەزرێنێت و پێشوازی ئەوانەش دەکات کە دەیانەوێت لەو بوارەدا ھەماھەنگیان بن.


د.خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: "بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان ئاڵوودەبوویەکی زۆری ماددەی ھۆشبەر ھەیە، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، ژیانیان لە مەترسیدا دەمێنێتەوە".



گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵوودەبوانە کە زۆربەیان لەلایەن ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە دەستگیرکراون و لە ئێستا لە بەندیخانەکان دان، پلانی دامەزراندنی سەنتەری چاودێری و چارەسەری ئاڵوودەبوانی ماددە ھۆشبەرەکانمان داناوە و بە نیازین لە ئایندەیەکی نزیکدا لەڕێگەی لێژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە کوردستان، سەنتەرێکی تایبەت بە چاودێری و چارەسەری ئاڵوودەبوان لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان دروست بکەین ".



ئاشکراشی کرد: "دوای دامەزراندنی سەنتەرەکە، بەرنامەی چارەسەریکردن و چاودێری و جیاکردنەوەی پلەی توشبووان دادەنرێت، ھەروەک ھەڵمەتی ھۆشیاری و خۆپاراستن لە ماددە ھۆشبەرەکان و کاریگەریان لەسەر تاکەکان، لە رێگەی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندنەوە بە ھاوڵاتیان ئاشنا دەکرێن".
bas news-
Top