سەنتەرێک بۆ چاودێری و چارەسەری ئاڵوودەبوانی دەکرێتەوە
د.خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: "بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان ئاڵوودەبوویەکی زۆری ماددەی ھۆشبەر ھەیە، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، ژیانیان لە مەترسیدا دەمێنێتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵوودەبوانە کە زۆربەیان لەلایەن ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە دەستگیرکراون و لە ئێستا لە بەندیخانەکان دان، پلانی دامەزراندنی سەنتەری چاودێری و چارەسەری ئاڵوودەبوانی ماددە ھۆشبەرەکانمان داناوە و بە نیازین لە ئایندەیەکی نزیکدا لەڕێگەی لێژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە کوردستان، سەنتەرێکی تایبەت بە چاودێری و چارەسەری ئاڵوودەبوان لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان دروست بکەین ".
ئاشکراشی کرد: "دوای دامەزراندنی سەنتەرەکە، بەرنامەی چارەسەریکردن و چاودێری و جیاکردنەوەی پلەی توشبووان دادەنرێت، ھەروەک ھەڵمەتی ھۆشیاری و خۆپاراستن لە ماددە ھۆشبەرەکان و کاریگەریان لەسەر تاکەکان، لە رێگەی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندنەوە بە ھاوڵاتیان ئاشنا دەکرێن".
bas news-
