ڕاپەڕین.. چەند تیمێکی بیانی کاری ھەڵکۆڵین بۆ دوو ناوچەی شوێنەواری دەکەن

ڕاپەڕین.. چەند تیمێکی بیانی کاری ھەڵکۆڵین بۆ دوو ناوچەی شوێنەواری دەکەن
لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، لەلایەن چەند زانکۆیەکی بیانییەوە، کاری ھەڵکۆڵین و پشکنین بۆ چەند ناوچەیەکی شوێنەواری دەکرێت.



بەرزان بایز، بەڕێوەبەری شوێنەواری ڕاپەڕین لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: "لە ئێستا کاری ھەڵکۆڵینی شوێنەواری بۆ ناوچەکانی گردی بازاڕ و قەڵاتی دینکە لە سنوری شارۆچکەی پشدەر، لەلایەن تیمی زانکۆی میونیخی ئەڵمانییەوە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی ھەموو ئەو پارچە شوێنەواریانەی کە تێیدا بھێندرێنە دەرەوە و مێژووی ژیان لە سنوورەکە دیار بکرێت".



بەڕێوەبەری شوێنەواری ڕاپەڕین، ئەوەشی خستەڕوو: "ھاوکات ناوچەی شوێنەواری (دەربەند) لە سنووری شاری ڕانیە وەرزی دووەمی کاری ھەڵکۆڵینی شوێنەوارەکە لەلایەن ھەردوو تیمی زانکۆی کامبریج و مۆزەخانەی بەریتانیا دەستی پێکردوە و ئومێد دەکەین دەسکەوتی بەنرخی شوێنەواری لەو کارەدا دەست بخەین".



ئەوەشی روون کردەوە: "لەماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین بۆ شوێنەوارەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین نزیکەی 300 شوێنەوارمان دۆزیونەتەوە و پێشبینی دەکەین کە شوێنەواری زیاتریش بدۆزینەوە کە دەبنە سەرمایەیەکی مێژوویی و کەلتووری و گەشتیاری ناوچەکە".



باسی ئەوەشی کرد کە تیمە شوێنەواریە عەرەبی و بیانیەکان بەردەوام سەردانمان دەکەن و ئامادەیی کاری ھاوبەشمان لەگەڵ دەردەبڕن.
bas news-
Top