مەراسیمی رۆژی پێنجوێن بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ ھەینی، بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لەمیوانان و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و سنووری پێنجوێن، لە سەیرانگەی سێچاکانی نزیک پێنجوێن، مەراسیمی رۆژی پێنجوێن بەڕێوەچوو کە تیایدا چەندین چالاکی جیاوازی ھونەری و ئەدەبی و رۆشنبیری بەڕێوەچوو.
عەزیز بلکیانی، ئەندامی لیژنەی سەرپەرپەرشتیاری مەراسیمەکە، راگەیاند: "ساڵانە یەکەم ھەینی مانگی ئایار دیاریکراوە بە رۆژی پێنجوێن، بەڵام بەھۆی شەڕی داعشەوە لە دوو ساڵی رابردوودا نەتوانر ئەم مەراسیمە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە توانرا ئەنجامی بدەین و ھەموو پێنجوێنییەکان کۆ بکەینەوە".
ئەندامی لیژنەی سەرپەرپەرشتیاری مەراسیمەکە، گوتیشی: "مەبەستی سەرەکی مەراسیمەکە کە پێنجوێنیەکانی ناوەوە و دەرەوەی پێنجوێن ئامادەیی بوون، بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئاشنابوونی ھەموو لایەکە بەسروشتی جوانی پێنجوێن، ھاوکات بۆ ئاشنابوونی نەوەی نوێیەشە بە کەسایەتی و پیاوە دیارە کۆنەکانی ناوچەکە کە رۆڵی بەرچاویان ھەبووە لەمێژووی کوردایەتی و سنووری پێنجوێن".
bas news-
