چاودێرێکی سیاسی: کاردانەوەی گۆڕان بەرانبەر بە مەسروور بارزانی جێگای پرسیارە

چاودێرێکی سیاسی: کاردانەوەی گۆڕان بەرانبەر بە مەسروور بارزانی جێگای پرسیارە
چاودێرێکی سیاسی نیگەرانبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە قسەکانی مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ”جێگەی پرسیار“ دەزانێت و دەڵێت: ”گۆڕان چووەتە قاڵبی ھەڕەشەوە، ھەر پێشنیارێک ھەبێت، جگە لە ڕەتکردنەوە، پەنا بۆ جنێو دەبات".



دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، لە کەرنەڤاڵی تایبەت بە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان کە یەکێتیی قوتابییانی کوردستان ڕێکی خستبوو، باسی لەوە کرد کە پاشەکشە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ناکرێت و لە کاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت، بزووتنەوەی گۆڕان هەڵمەتێکی چڕی دژی لێدوانەکەی دەست پێ کرد.



لەمبارەیەوە د. مەدحەد سلێمان، چاودێری سیاسی ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو کاتانەی زمانی زبر جێگای ئەقڵ و مەنتق و ھزر دەگرێتەوە، ئەو کاتانەی سیاسەتی گەوجاندن و چەواشەکاری دەیەوێت جێگای ھەست و ھزر و خۆشەویستیی نیشتمان دەگرێتەوە، ئەو کاتانە حزبی چەواشەکار و ئیرھابی فیکری وەکو بزووتنەوەی گۆڕانی لێ بەرھەم دێت کە بۆ مەبەستی سیاسەتی تۆقاندن و چەواشەکاری، ئامادەیە کێشەی نەتەوەیەک بە قوبانی ویست و ئارەزووەکانی خۆی بکات".



بە بڕوای ئەو، ”گومان لەوە دانییە“ کە بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەیەکی ”پۆپۆلیستییە“ و سیاسەت لە سەر کات دەکات کە چۆن بەرامبەرەکەی لەکەدار بکات، ئەگەر نا ئەوەی پارتی دیموکراتیی کوردستان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەیانەوێت، ”ڕێک ئەو لێدوانەی مەسرور بارزانییە کە ڕێفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەرئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان خەڵکی خۆی جۆشداوە بە درۆ و سیاسەتی ڕەت کردنەوە، بۆیە ھەر بۆچوونێکی پارتی و سەرکردەکانی بیخەنە ڕوو، بێ یەک و دوو، گۆڕان بە زمانی زبر و ناشرین وەڵام دەدەنەوە، چونکە باش دەزانن ئەگەر ڕیفراندۆم بکرێت، زۆربەی ھەرەزۆری خەڵکی کوردستان لەگەڵ سەربەخۆیی و کۆتایی پێھێنانی سیاسەتی برسی کردن و جینۆسایدی بەغدا دەبن".



د.مەدحەد ئەوەشی خستە ڕوو، ئەم سیاسەتە دەبێتە سەرەتای کۆتاییهاتنی ئەو حزبە پۆپۆلیستانە کە چیتر ناتوانن خەڵک چەواشە بکەن، بۆیە دەڵێت: ”زۆر گرنگە بەزووترین کات ڕۆژی ڕێفراندۆم دیاری بکرێ و ھیچ مەرج نییە 100٪ی خەڵکی کوردستان بەشدار بن، با بزووتنەوەی گۆڕانیش کاراکردنەوەی پەرلەمان نەکاتە بیانوو، چونکە ئەو کاتەی ھیچ کێشەیەک لە ئارادانەبوو، لە کۆبوونەوەێکی داخراوی پەرلەماندا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پەرلەمەنتاران کرد، خۆیان بۆ ڕیفراندۆم ئامادە بکەن، کوا چییان کرد؟ لە بڕی دەرکردنی یاسا، بارەگایان ئاگر تێبەردەدا و کوڕی خەڵکیان بە کوشت دەدا و قاز ئاسا، پەرلەمانیان تووشی کێشەی ململانێی حزبە سیاسییەکان دەکرد“.



ئەو چاودێرە سیاسییە جەختی لەوە کردەوە: ”بەشێک لە کاردانەوەکانی گۆڕان بەرانبەر قسەکانی مەسرور بارزانی، پەیوەندی بە پرسی پەرلەمانەوە ھەبوو، لەکاتێکدا مەسرور بارزانی راستی گوت، دەبێت گۆڕان ئەوە بزانێت کە سەرۆکی پەرلەمان لە بڕی ئەوەی سەرۆکی پەرلەمانی ھەموو کوردستان بێت، بارەگاکەی ببووە مەکۆی گۆڕان و تەنھا بە فەرمانی گردەکە دەجووڵایەوە، بۆیە پرسێکی گەورەی وەکو ڕیفراندۆم پێویستە زوو بخرێتە جێبەجێکردنەوە و سەربەخۆیی کوردستانیش زۆر لەوە گەورەترە کە حزبێکی پۆپۆلیستی یاری بە داھاتووی نەتەوە و نیشتمانەکەی پێ بکات“.
bas news-
Top