خەڵکی شێخان ریفراندۆمیان دەوێ

 خەڵکی شێخان ریفراندۆمیان دەوێ
خەڵکی شێخان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ریفراندۆمن و لە ئێستاوە دەڵێن "بەڵێ". ئەوان خۆزگە دەخوازن بەزوویی ناوچەکانیان بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە وەک باسی دەکەن هیچ ئومێدێکیان لەگەڵ عێراقدا نەماوە.

خەڵکی شێخان وەک خەڵکی دیکەی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ریفراندۆمن، وەک (خەلەف سەعید شەرەفانی) دەڵێ، لە ئێستاوە دەڵێین بەڵێ بۆ ریفراندۆم.
(خەلەف سەعید شەرەفانی) قوتابی کۆلیژی یاساییە و خەڵکی شێخانە، باسی لەوەکرد ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەمێکە ئەو هیوایە دەخوازن کە ئیدی کاتی گەڕانەوەیان بۆسەر هەرێمی کوردستان هاتووە، ئێستایش کە بڕیاری ریفراندۆم دەدرێ، ئەوا باشترین دەرفەتە بۆ گەڕانەوەی ناوچەکانمان بۆسەر هەرێم، چونکە هیچ ئومێدێکمان لەگەڵ عێراقدا نەماوە.
مەسیحییەکانی شێخان دەڵێن؛ زۆرمان بیرکردووەتەوە کە جگە لە هەرێمی کوردستان هیچ پەناگەیەکی دیکە بۆ مەسیحییەکان نییە داهاتوویان لێیەوە پارێزراوبێ، بۆیە (خەلیل تۆما) بە ئومێدێکی زۆرەوە دەڵێ، تەنیا سەربەخۆیی کوردستان دەتوانێ مافی پێکهاتەکان گرەنتی بکات.
(خەلیل تۆما) مەسیحییە و خەڵکی شێخانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، باسی ئەو کارەساتەی کرد کە مەسیحییەکان لەسەر دەستی داعشدا بینیویانە و کەچی بەغدا هیچی بۆ مەسیحییەکان نەکرد.
ئەو دەڵێ، ئێمە بۆ ریفراندۆم دەنگ بە بەڵێ دەدەین، چونکە نامانەوێ چیدیکە تووشی کارەسات بین و دەمانەوێ ناوچەکانمان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان.
(حسێن ئەلیاس) کە هاووڵاتییەکی کوردی ئێزدییە و خەڵکی شێخانە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، "دەنگ بە بەڵێ بۆ ریفراندۆم دەدەین، دەمانەوێ ناوچەکانمان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان و کوردانی ئێزدی دەخوازن بەزووی چارەنووسی ناوچەکانیان یەکلاببێتەوە و بگەڕێنەوە سەر هەرێم، هەڵبەت مانەوە لەگەڵ عێراق هیچ مانایەکی نییە."
















KDP
Top