نێچیرڤان بارزانی: سوورین لەسەر بونیاتنانی کەرتێکی گەشتیاریی بەھێز
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤-٥-٢٠١٧ بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی حکوومی و حزبیی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆز و کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە عیراق و ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا و ئاژانس و ھۆتێل و دامەزراوی گەشتیاریی چواردە وڵاتی بیانی و ناوخۆ، لە ھەولێر پیشانگەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتیاری کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا دوای پێشکەشکردنی چەند پەیڤێک لەلایەن ڕێکخەران و ئامادەبووانەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا جیا لە بەخێرھێنانی میوانان، دەستخۆشی لە ڕێکخەر و بەڕێوەبەرانی پیشانگاکە کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەنجامدانی ئەو چالاکییە لە دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستاندا گرنگی و کاریگەرییەکی زۆری ھەیە و ئومێدی گەڕانەوەی متمانە بە بازاڕی گەشتیاریی کوردستان و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە زیاتر دەکات و بەڵگەیەکە کە ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چاککردنی دۆخەکە، ئەنجامی چاوەڕوانکراوی ھەیە و تێگەیشتن، ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و بەرگەگرتنی خەڵکیش بە خێری کوردستان و ھاووڵاتیانی دەگەڕێتەوە. دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی کەرتی گەشتیاری وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی داھات، دەرفەتی کار، پێشخستنی وڵات، دەوڵەمەندبوونی کەلتوور، پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ھەموو لایەنە ئەرێنییەکانی گەشتیاری لێکداوەتەوە و کاری لەسەر کردووە و بەرنامەی دەوڵەمەندی بۆ ھەیە و گەر ئەو دۆخەی سێ ساڵی ڕابردوو نەبووایە، ئێستا کەرتی گەشتیاری پێشکەوتنی زۆر گەورەی بە خۆیەوە دەبینی چونکە ھەرێمی کوردستان خاوەنی ھەموو ئەو بنەما سەرەکی و پێداویستیانەیە کە دەبێ بۆ گەشتیارییەکی سەرکەوتوو ھەبن وەک سروشتی جوان، شوێنەوارە مێژوویی و دێرینەکان، لێبوردەیی، کراوەیی، ژیاندۆستی، میوانپەروەریی خەڵکی کوردستان و وەرزەکانی ساڵ کە زۆر لە وڵاتان خاوەنی ئەو ھەموو شتانە نین.
جەختی لەوەش کردەوە کە سەرەڕای بارودۆخی سەخت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆڵنادات و ھەموو شانس و دەرفەتەکانی گەشتیاری لە کوردستان بەکار دەھێنێت بۆ ئەوەی گەشتیاری بکەنە ڕوویەکی دیار و بەرچاوی کوردستان و یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پرۆسەی چاکسازی حکوومەتیش، بنیاتنان و پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی گەشتیارییە و ئاشکرای کرد کە چالاکیی وەک کۆنفرانسی مانگی ئازاری ساڵی پار و کردنەوەی ئەم پێشانگەیە و چالاکییەکانی دیکەی گەشتیاری، کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر بنیاتنانی ئەم کەرتە ھەیە کە لە ئەنجامی کۆنفرانسی ساڵی پار و ئەو کارانەی لەسەر دەرەنجامەکانی کران، ژمارەی گەشتیاران لە چاو ساڵی ٢٠١٥ لە ٧٨٢ ھەزار گەشتیارەوە بۆ ملیۆنێک و ٦٠٠ ھەزار گەشتیار لە ساڵی ٢٠١٦دا بەرز بووەوە و ھیوای خواست ئەنجامدانی ئەم چالاکییەش ببێتە ھەنگاوێکی گەورەتری بەرەوپێشبردنی گەشتیاری لە ھەموو ڕوویەکەوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە بەپێی ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتان لە پێشخستنی کەرتی گەشتیاریدا، کەرتی تایبەت پێکھێنەر و بەشدار و ھاوبەشێکی سەرەکی و کارای پلە یەکە و دەتوانێت ژێرخانێکی پتەوی گەشتیاری بنیات بنێت و سەرمایەگوزاری لەم کەرتەدا بکات و پڕۆژەی گەورە ئەنجام بدات، دەوڵەمەندیی سروشت، جوانتر و ڕازاوەتر بکات. بۆ ئەمە مەبەستەش ھەموو ھاوکاری و ئاسانکارییەکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ کەرتی تایبەتی ناوخۆ و بیانی دووپات کردەوە.
ئاشکراشی کرد کە ھەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغی ئاساییبوونەوە ھەنگاو دەنێت و حکوومەت پلانی ھەیە کەرتەکانی گەشتیاری، پیشەسازی و کشتوکاڵ بکاتە جێگرەوەی کەرتی نەوت و گاز. داوای لە لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتیش کرد ئەم چالاکیانە بقۆزنەوە و بیانکەن بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی زۆرترین پەیوەندیی گەشتیاری لەنێوان کوردستان و ئەو وڵاتانەدا دروست بکەن کە بەشدارییان لەم پێشانگەیەدا کردووە و سوود لە ئەزموونەکان و چیرۆکەکانی سەرکەوتنیان وەربگرن و ھاوکارییان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن نووسینگە و نوێنەرایەتی و ئاژانسەکانیان لە کوردستان بکەنەوە و لە فڕۆکەخانە و دەروازەکان دوای جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، بە ڕوویەکی گەشی شارستانیانە، پێشوازی و مامەڵە لەگەڵ گەشتیاراندا بکەن و ھەموو یارمەتی و ئاسانکارییان پێشکەش بکەن بەتایبەتی گەشتیارانی عیراقی، دامەزراوە گەشتیاری و لایەنە پەیوەندارە عیراقییەکانیش بۆ ھەر کێشەیەک دەتوانن پەیوەندیی بە دەزگا پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بکەن.
ئەوەشی بیرھێنایەوە کە لە سایەی قارەمانیەتیی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان و خۆبەخش و ھەستی بەرزی نیشتمانپەروەری و تێگەیشتنی کوردستانییان بۆ دۆخەکە، ڕۆژە سەختەکان تێپەڕین و ئێستا ڕووی ھەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی گەشتر و دەستپێکردنی قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و پێشخستنی وڵاتە و گەشتیاریش یەکێک لەو کەرتانە دەبێت کە گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت.
لە کۆتایی وتەکەیدا دووبارە دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی پیشانگاکە و ھاوکارەکانیان کرد لەوانەش، دەستەی گوشتوگوزار، وەزارەتی شارەوانی، کۆمپانیاکانی دریم، KTS، فڵای میران، ھۆڵیدەیس، بۆسفۆر لاین و لقی ھەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان و سڵاو و دروودی بۆ شەھیدانی کوردستان نارد کە لە سایەی خوێنی گەشی ئەواندا کوردستان ئارامە و ڕۆڵەکانی پلان بۆ داھاتوویەکی گەشتر دادەڕێژن، ھەروەھا سڵاوی بۆ پشمەرگە قارەمانەکان و ھێزە ئەمنییەکان و خۆبەخشانی کوردستان نارد کە شەو و ڕۆژ لەپێناو پاراستنی کوردستاندا، گیانیان لەسەر دەستە. سوپاسی خەڵکی کوردستانیشی کرد کە لەپێناو ئێستا و داھاتووی کوردستاندا بەرگەی سەختییەکانیان گرتووە. دواتر سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەشەکانی ناو پیشانگاکەی بەسەر کردەوە.
payamner-
