پرۆژەیەك بۆ ئاماری ونبووانی هەڵەبجە دەخرێتەڕوو
کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە پرۆژەیەکی بۆ رووپێوی ئاماری ونبووانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە راگەیاند کە بە ھاوکاری رێکخراوی نێودەوڵەتیی ونبووان (ICMP) ئەنجام دەدرێت.
لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە ونبووانی شەڕی نێوان عێراق - ئێران و کیمیاباران و پرۆسەی ئەنفال و کۆڕەو و بێسەروشوێنبووانی شەڕی ناوخۆ لەگەڵ ونبووانی دەستی تیرۆر و ھەر ونبوویەکی تر تۆمار دەکرێ و پاشتریش کار بۆ سۆراخکردن و دۆزینەوە و ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ ناسینەوەیان دەکرێت.
لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی "وەکو کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ ونبووان (ICMP) لە پەیوەندییەکی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ئامارێکی دروست ئامادە بکەین لەبارەی ونبووانی پارێزگای ھەڵەبجە".
گوتیشی "پرۆژەکە بە پشتگیری و ھەماھەنگی (ICMP) جێبەجێ دەکرێ و بۆ ئەم پرۆژەیەش چەند تیمێکمان پێک ھێناوە و کارەکان ئەنجام دەدەن و لە ماوەی ٤٥ رۆژدا کارەکانی رووپێوییەکە تەواو دەبن و بنکەی ھەڵەبجە لە بارەگای کۆمەڵەی قوربانیان دەبێت و ناوی ونبووان تۆمار دەکرێ و لە ھەردوو ناحیەی سیروان و بەمۆ یەک تیم کارەکان بەڕێوەدەبات و بۆ ھەردوو ناحیەی خورماڵ و بیارەش یەک تیم کارەکان بەڕێوە دەبەن، بەگوێرەی پێویستی شوێنەکان تیمەکان دەگوێزرێنەوە، ئەمەش دەبێتە یەکەمین ئاماری فەرمی بۆ دۆزینەوەی ونبووانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە کە رێکخراوی (ICMP) ئێستە لە عێراقدا شەش پرۆژەی ھەیە کە ئەم رووپێویە یەکێکە لەو شەش پرۆژەیە، بۆیە داواکارین لە کەسوکاری سەرجەم ونبووان، سەردانی تیمەکانمان بکەن و زانیاری تەواو لەبارەی ونبووەکانیانەوە پێشکەشی تیمەکانمان بکەن".
bas news-
