نێچیرڤان بارزانی: سوورین له‌سه‌ر بونیاتنانی كه‌رتێكی گه‌شتیاریی به‌هێز
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ٤-٥-٢٠١٧ به ئاماده‌بوونی (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیر و به‌رپرسانی حكوومی و حزبیی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی له عیراق و هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیا و ئاژانس و هۆتێل و دامه‌زراوی گه‌شتیاریی چوارده وڵاتى بیانی و ناوخۆ، له هه‌ولێر پیشانگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ گه‌شتیاری كرایه‌وه.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند په‌یڤێك له‌لایه‌ن ڕێكخه‌ران و ئاماده‌بووانه‌وه، (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تیایدا جیا له به‌خێرهێنانی میوانان، ده‌ستخۆشی له ڕێكخه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رانی پیشانگاكه كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه ئه‌نجامدانی ئه‌و چالاكییه له دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا گرنگى و كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌یه و ئومێدى گه‌ڕانه‌وه‌ى متمانه به بازاڕى گه‌شتیاریى كوردستان و ئاساییبوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه زیاتر ده‌كات و به‌ڵگه‌یه‌كه كه هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاككردنى دۆخه‌كه، ئه‌نجامى چاوه‌ڕوانكراوی هه‌یه و تێگه‌یشتن، هه‌ستكردن به به‌رپرسیاریه‌تى و به‌رگه‌گرتنى خه‌ڵكیش به خێرى كوردستان و هاووڵاتیانى ده‌گه‌ڕێته‌وه.
دووپاتیشی كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گرنگیى كه‌رتى گه‌شتیارى وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ دابینكردنى داهات، ده‌رفه‌تى كار، پێشخستنى وڵات، ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى كه‌لتوور، پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌موو لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كانى گه‌شتیارى لێكداوه‌ته‌وه و كارى له‌سه‌ر كردووه و به‌رنامه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندى بۆ هه‌یه و گه‌ر ئه‌و دۆخه‌ى سێ ساڵى ڕابردوو نه‌بووایه، ئێستا كه‌رتى گه‌شتیارى پێشكه‌وتنى زۆر گه‌وره‌ى به خۆیه‌وه ده‌بینى چونكه هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى هه‌موو ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كى و پێداویستیانه‌یه كه ده‌بێ بۆ گهشتیارییهكى سه‌ركه‌وتوو هه‌بن وه‌ك سروشتى جوان، شوێنه‌واره مێژوویى و دێرینه‌كان، لێبورده‌یى، كراوه‌یى، ژیاندۆستى، میوانپهروهریى خه‌ڵكى كوردستان و وه‌رزه‌كانى ساڵ كه زۆر له وڵاتان خاوه‌نى ئه‌و هه‌موو شتانه نین.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه سه‌ره‌ڕای بارودۆخی سه‌خت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆڵنادات و هه‌موو شانس و دهرفهتهكانى گه‌شتیارى له كوردستان به‌كار ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شتیارى بكه‌نه ڕوویه‌كى دیار و به‌رچاوى كوردستان و یه‌كێك له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى حكوومه‌تیش، بنیاتنان و په‌ره‌پێدانى ژێرخانى كه‌رتى گه‌شتیارییه و ئاشكرای كرد كه چالاكیى وه‌ك كۆنفرانسى مانگى ئازارى ساڵى پار و كردنه‌وه‌ى ئه‌م پێشانگه‌یه و چالاكییه‌كانی دیكه‌ی گه‌شتیاری، كاریگه‌ریى ئه‌رێنییان له‌سه‌ر بنیاتنانى ئه‌م كه‌رته هه‌یه كه له ئه‌نجامى كۆنفرانسى ساڵى پار و ئه‌و كارانه‌ى له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانى كران، ژماره‌ى گه‌شتیاران له چاو ساڵى ٢٠١٥ له ٧٨٢ هه‌زار گه‌شتیاره‌وه بۆ ملیۆنێك و ٦٠٠ هه‌زار گه‌شتیار له ساڵى ٢٠١٦دا به‌رز بووه‌وه و هیوای خواست ئه‌نجامدانى ئه‌م چالاكییه‌ش ببێته هه‌نگاوێكى گه‌وره‌ترى به‌ره‌وپێشبردنى گه‌شتیارى له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه به‌پێى ئه‌زموونى سه‌ركه‌وتووى وڵاتان له پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتیاریدا، كه‌رتى تایبه‌ت پێكهێنه‌ر و به‌شدار و هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى و كاراى پله یه‌كه و ده‌توانێت ژێرخانێكى پته‌وى گه‌شتیارى بنیات بنێت و سه‌رمایه‌گوزارى له‌م كه‌رته‌دا بكات و پڕۆژه‌ى گه‌وره ئه‌نجام بدات، ده‌وڵه‌مه‌ندیى سروشت، جوانتر و ڕازاوه‌تر بكات. بۆ ئه‌مه مه‌به‌سته‌ش هه‌موو هاوكاری و ئاسانكارییه‌كی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانی بۆ كه‌رتی تایبه‌تی ناوخۆ و بیانی دووپات كرده‌وه.
ئاشكراشی كرد كه هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و قۆناغى ئاساییبوونه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت و حكوومه‌ت پلانی هه‌یه كه‌رته‌كانی گه‌شتیاری، پیشه‌سازی و كشتوكاڵ بكاته جێگره‌وه‌ى كه‌رتى نه‌وت و گاز. داوای له لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تیش كرد ئه‌م چالاكیانه بقۆزنه‌وه و بیانكه‌ن به ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین په‌یوه‌ندیى گه‌شتیارى له‌نێوان كوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌دا دروست بكه‌ن كه به‌شدارییان له‌م پێشانگه‌یه‌دا كردووه و سوود له ئه‌زموونه‌كان و چیرۆكه‌كانى سه‌ركه‌وتنیان وه‌ربگرن و هاوكارییان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن نووسینگه و نوێنه‌رایه‌تى و ئاژانسه‌كانیان له كوردستان بكه‌نه‌وه و له فڕۆكه‌خانه و ده‌روازه‌كان دوای جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان، به ڕوویه‌كى گه‌شى شارستانیانه، پێشوازى و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گه‌شتیاراندا بكه‌ن و هه‌موو یارمه‌تى و ئاسانكارییان پێشكه‌ش بكه‌ن به‌تایبه‌تی گه‌شتیارانی عیراقی، دامه‌زراوه گه‌شتیارى و لایه‌نه په‌یوه‌نداره عیراقییه‌كانیش بۆ هه‌ر كێشه‌یه‌ك ده‌توانن په‌یوه‌ندیى به ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بكه‌ن.
ئه‌وه‌شی بیرهێنایه‌وه كه له سایه‌ى قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان و خۆبه‌خش و هه‌ستى به‌رزى نیشتمانپه‌روه‌رى و تێگه‌یشتنى كوردستانییان بۆ دۆخه‌كه، ڕۆژه سه‌خته‌كان تێپه‌ڕین و ئێستا ڕووی هه‌رێمی كوردستان له ئاینده‌یه‌كى گه‌شتر و ده‌ستپێكردنى قۆناغێكى دیكه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه و بنیاتنان و پێشخستنى وڵاته و گه‌شتیاریش یه‌كێك له‌و كه‌رتانه ده‌بێت كه گرنگییه‌كى زۆرى پێ ده‌درێت.
له كۆتایی وته‌كه‌یدا دووباره ده‌ستخۆشی له ڕێكخه‌رانی پیشانگاكه و هاوكاره‌كانیان كرد له‌وانه‌ش، ده‌سته‌ى گوشتوگوزار، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى، كۆمپانیاكانى دریم، KTS، فڵاى میران، هۆڵیدهیس، بۆسفۆر لاین و لقى هه‌ولێرى كۆمه‌ڵه‌ى میوانخانه و چێشتخانه‌كان و سڵاو و دروودی بۆ شه‌هیدانى كوردستان نارد كه له سایه‌ى خوێنى گه‌شى ئه‌واندا كوردستان ئارامه و ڕۆڵه‌كانى پلان بۆ داهاتوویه‌كى گه‌شتر داده‌ڕێژن، هه‌روه‌ها سڵاوی بۆ پشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كان و خۆبه‌خشانى كوردستان نارد كه شه‌و و ڕۆژ له‌پێناو پاراستنى كوردستاندا، گیانیان له‌سه‌ر ده‌سته. سوپاسی خه‌ڵكى كوردستانیشی كرد كه له‌پێناو ئێستا و داهاتووى كوردستاندا به‌رگه‌ى سه‌ختییه‌كانیان گرتووه.
دواتر به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌شه‌كانی ناو پیشانگاكه‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه.
ده‌قی وته‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:
ئاماده‌بووان، میوانانى به‌ڕێز..
به‌یانیتان باش، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن بۆ "پێشانگه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ گه‌شتیارى". به‌خێرهاتنێكى تایبه‌تى به‌ڕێزان باڵیۆز و نوێنه‌رانى وڵاتان له عیراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو ئه‌و كۆمپانیا و ئاژانس و هۆتێل و دامه‌زراوه گه‌شتیاریانه ده‌كه‌م، كه له چوارده وڵاتى بیانییه‌وه ته‌شریفیان هێناوه بۆ هه‌ولێر، لێره له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى گه‌شتیارى له عیراق و هه‌رێمى كوردستان، پێكه‌وه ئه‌م چالاكییه له بوارى گه‌شتیاریدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ده‌ستخۆشى له ڕێكخه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانى پێشانگه‌كه ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.
به‌ڕێزان..
له‌وانه‌یه سازدانى چالاكیه‌كى له‌م جۆره له كات و دۆخى ئاسایی‌دا، شتێكى ئاسایى بووبێت و به‌رده‌وام ئه‌م جۆره چالاكیانه له هه‌رێمی كوردستان ساز دراون، به‌ڵام ئه‌م چالاكییانه له‌م كات و دۆخه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا، گرنگى و كاریگه‌رییه‌كى به‌رچاویان هه‌یه. ئومێدى گه‌ڕانه‌وه‌ى متمانه به بازاڕى گه‌شتیاریى كوردستان و ئاساییبوونه‌وه و چاكبوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه زیاتر ده‌كات. به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاككردنى دۆخه‌كه، ئه‌نجامى چاوه‌ڕوانكراویان لێ ده‌كه‌وێته‌وه. تێگه‌یشتن، هه‌ستكردن به به‌رپرسیاریه‌تى و به‌رگه‌گرتنى خه‌ڵكیش بۆ ئه‌و دۆخه سه‌خته‌ى كوردستانى تێكه‌وتووه، كه مایه‌ى ئه‌وپه‌ڕى ڕێز و سوپاس و پێزانینه، له ئه‌نجامدا به خێرى هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیانى ده‌گه‌ڕێته‌وه.
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گرنگیى كه‌رتى گه‌شتیارى وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ دابینكردنى داهات، دۆزینه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى كار، پێشخستنى وڵات، ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى كه‌لتوور، پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌موو لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كانى گه‌شتیارى لێكداوه‌ته‌وه و، كارى له‌سه‌ر كردووه. بۆ په‌ره‌پێدان و پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتیارى، پلان و به‌رنامه‌مان هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆخه سه‌خت و نه‌خوازراوه‌ى سێ ساڵى ڕابردوو نه‌بووایه، به دڵنیاییه‌وه ئێستا كه‌رتى گه‌شتیارى له هه‌رێمى كوردستان، پێشكه‌وتنى زۆر گه‌وره‌ى به خۆیه‌وه ده‌بینى. به‌شدارییه‌كى گه‌وره‌ى له دابینكردنى داهاتى نه‌ته‌وه‌ییى كوردستاندا ده‌كرد.
هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى هه‌موو ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كى و پێداویستیانه‌یه كه ده‌بێ بۆ گهشتیارییهكى ده‌وڵه‌مه‌ندى سه‌ركه‌وتوو هه‌بن. سروشتى جوانى كوردستان، ده‌شت و دۆڵ، چیا و سه‌یرانگاكانى، چه‌م و ڕووبار، لووتكه و شاخه‌كانى، كانیاو و دارستانه‌كان، شوێنه‌واره مێژوویى و دێرینه‌كانى، لێبورده‌یى، كراوه‌یى، ژیاندۆستى و میوانپهروهریى خه‌ڵكى كوردستان، وه‌رزه‌كانى ساڵ و هه‌موو بنه‌ماكانى دیكه‌ى گه‌شتیارى، هانده‌ر و ڕێخۆشكهرى گه‌شتیارین له كوردستان. زۆر له وڵاتان، پێكه‌وه خاوه‌نى ئه‌و هه‌موو شتانه نین. ئه‌و شانس و ده‌رفه‌ته‌ى كوردستان بۆ گه‌شتیاری هه‌یه‌تی، ده‌رفه‌تی گه‌وره‌ن.
ئێمه له كوردستان شانسێكى گه‌وره‌مان بۆ بنیاتنانى كه‌رتێكى پێشكه‌وتووى گه‌شتیارى هه‌یه، كه بتوانێت ببێته ڕووگهیهكى دیارى گه‌شتیارى و زۆرترین گهشیارى بیانى له وڵاتانى ناوچه‌كه و جیهانه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕابكێشێت. ڕاسته دۆخى سه‌خت و كێشه‌كان، ده‌رفه‌تیان نه‌داوه وه‌ك پێویست ئه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندیانه بقۆزینه‌وه، به‌ڵام دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه، ئێمه كۆڵ ناده‌ین و هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌موو شانس و دهرفهتهكانى گه‌شتیارى له كوردستان به‌كار ده‌هێنین. ئه‌وه‌ى له توانادا بێت ده‌یكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شتیارى بكه‌ینه ڕوویه‌كى دیار و به‌رچاوى كوردستان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته یه‌كێك له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى، بنیاتنان و په‌ره‌پێدانى ژێرخانى كه‌رتى تایبه‌تی یه له هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڕێزان..
بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه، چالاكیى وه‌ك ئه‌و كۆنفرانسه‌ى مانگى ئازارى ساڵى پار له هه‌ولێر ده‌رباره‌ى گه‌شتیارى ئه‌نجام درا، كردنه‌وه‌ى ئه‌م پێشانگه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ و هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و چالاكیانه‌ى بۆ پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتیارى له هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێن، هه‌ر یه‌كه‌و به ئه‌ندازه‌ى خۆیان، كاریگه‌ریى ئه‌رێنییان له‌سه‌ر بنیاتنانى ئه‌م كه‌رته هه‌یه. له ئه‌نجامى كۆنفرانسه‌كه‌ى ساڵى پار و ئه‌و كارانه‌ى له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانى كران، ژماره‌ى گه‌شتیاران له چاو ساڵى ٢٠١٥ له ٧٨٢ هه‌زار گه‌شتیاره‌وه بۆ ملیۆنێك و ٦٠٠ هه‌زار گه‌شتیار له ساڵى ٢٠١٦دا هه‌روه‌ك وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار باسی كرد به‌رز بۆته‌وه. هیوادارم ئه‌نجامدانى ئه‌م چالاكییه‌ش ببێته هه‌نگاوێكى گه‌وره‌ترى به‌ره‌وپێشبردنى گه‌شتیارى له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه.
به‌پێى ئه‌زموونى سه‌ركه‌وتووى وڵاتان، له بنیاتنان و په‌ره‌پێدان و پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتیاریدا، كه‌رتى تایبه‌ت پێكهێنه‌ر و به‌شدار و هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى و كاراى پله یه‌كه. ئه‌وه كه‌رتى تایبه‌ته ده‌توانێت ژێرخانێكى پته‌وى گه‌شتیارى بنیات بنێت، سه‌رمایه‌گوزارى له‌م كه‌رته‌دا بكات و پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى گه‌شتیارى ئه‌نجام بدات، ده‌وڵه‌مه‌ندیى سروشت، جوانتر و ڕازاوه‌تر بكات. دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو هاوكارى و ئاسانكارییه‌ك بۆ كه‌رتى تایبه‌ت فه‌راهه‌م ده‌كات و ڕێگه‌یان بۆ خۆش ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى به فراوانترین شێوه، له هه‌موو بواره‌كانى كه‌رتى گه‌شتیاریدا، سه‌رمایه‌گوزارى له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
سه‌رمایه‌داران و كه‌رتى تایبه‌تى بیانى و ناوخۆیى بانگهێشت ده‌كه‌م و داوایان لێ ده‌كه‌م پشتگیرى و ئاسانكارییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بقۆزنه‌وه. سوود له‌و هه‌موو لایه‌ن و ده‌رفه‌تانه وه‌رگرن كه بۆ بنیاتنانى كه‌رتى گه‌شتیارى له كوردستاندا هه‌ن و بێن له‌م كه‌رته‌دا سه‌رمایه‌گوزارى بكه‌ن. ئێمه له كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكى تازه هه‌نگاو ده‌نێین، قۆناغى ئاساییبوونه‌وه و چاكبوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه. قۆناغى پێشكه‌وتن و بنیاتنانى ژێرخانى گه‌شتیارى، پیشه‌سازى و كشتو‌كاڵى. قۆناغێك كه پلانمان هه‌یه ئه‌م كه‌رتانه بكه‌ینه جێگره‌وه‌ى كه‌رتى نه‌وت و گاز. بكه‌ینه سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كیى داهات و زۆرترین ده‌رفه‌تى كار له‌م سێ كه‌رته‌دا بڕه‌خسێنن.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
ئێمه به گرنگییه‌وه له‌م جۆره چالاكیانه ده‌ڕوانین و هه‌موو پشتگیرییه‌ك له هه‌ر چالاكییه‌ك ده‌كه‌ین كه ببێته ڕێخۆشكه‌رێك و به‌شدار بێت له پشتگیریكردن و به‌ره‌وپێشبردنى كه‌رتى گه‌شتیارى له كوردستان. داوا له لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت ده‌كه‌م تا بكرێت ئه‌م چالاكیانه بقۆزنه‌وه و بیانكه‌ن به ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین په‌یوه‌ندیى گه‌شتیارى له‌نێوان كوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌دا دروست بكه‌ن كه به‌شدارییان له‌م پێشانگه‌یه‌دا كردووه. سوود له ئه‌زموونه‌كان و چیرۆكه‌كانى سه‌ركه‌وتنی ئه‌و وڵاتانه وه‌ربگرن و ئه‌نجامى به‌سوودى بۆ هه‌رێمی كوردستان لێ به‌ده‌ست بهێنن. هاوكارییان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن نووسینگه و نوێنه‌رایه‌تى و ئاژانسه‌كانیان له كوردستان بكه‌نه‌وه و كێشه‌یان بۆ دروست نه‌كرێت.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا، داوا له هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، داموده‌زگا و دامه‌زراوه گه‌شتیارییه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌م، له فڕۆكه‌خانه و ده‌روازه‌كان به‌گشتى، له ده‌روازه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عیراق به‌تایبه‌تى، له كاتى هاتنى گه‌شتیاراندا له ناوچه و شاره‌كانى دیكه‌ى عیراقه‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان، كاتێك ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به ڕوویه‌كى گه‌شى شارستانیانه، پێشوازى و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گه‌شتیاره عیراقییه‌كاندا بكه‌ن. هه‌موو یارمه‌تى و ئاسانكارییه‌كیان پێشكه‌ش بكه‌ن.
ئه‌وان كه دێنه كوردستان، دێنه وڵاتى خۆیان و به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت هه‌ست به‌وه بكه‌ن ده‌چنه وڵاتێكى دیكه. به هاتنى ئه‌وان، بازاڕى گه‌شتیارى و تێكه‌ڵاوى و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بووژێنه‌وه، بۆیه ده‌بێ به‌و میوانپهروهرییهى خه‌ڵكى كوردستان پێى ناسراوه، به باشترین شێوه پێشوازى و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌شتیارانه بكرێت كه له شوێنه‌كانی دیكه‌ی عیراقه‌وه ڕوو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و ده‌بێت به‌گه‌رمى به‌خێرهاتنیان بكه‌ن. داواش له دامه‌زراوه گه‌شتیارى و لایه‌نه په‌یوه‌نداره عیراقییه‌كان ده‌كه‌م، بۆ هه‌ر كێشه‌یه‌ك كه له به‌ره‌وپێشچوونی كه‌رتی گه‌شتیاریدا دروست ده‌بێت، په‌یوه‌ندیى به ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌ربه‌سته‌كان به ئاسانی له‌سه‌ر ڕێگه‌یان هه‌ڵبگیرێت.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ڕاسته سێ ساڵى ڕابردوو گه‌لى كوردستان دۆخێكى سه‌ختى به‌ڕێ كردووه و به‌رگه‌ى زۆر مه‌ترسى و ئازارى گرتووه. به‌ڵام له سایه‌ى قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان و خۆبه‌خشاندا، له سایه‌ى هه‌ستى به‌رزى نیشتمانپه‌روه‌رى و تێگه‌یشتنى كوردستانییان بۆ دۆخه‌كه، ڕۆژه سه‌خته‌كانمان تێپه‌ڕاند. ئێستا ڕوومان له ئاینده‌یه‌كى گه‌شتره. ڕوومان له ده‌سپێكردنى قۆناغێكى دیكه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه و بنیاتنان و پێشخستنى وڵاته. گه‌شتیارى یه‌كێك له‌و كه‌رتانه ده‌بێت كه گرنگییه‌كى زۆرى پێ ده‌درێت و هه‌وڵ ده‌ده‌ین قه‌باره‌یه‌كى گه‌وره له پرۆسه‌ى په‌ره‌پێدان و پێشخستنى كهرتاندا بگرێت.
پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشى له ڕێكخهرانى ئه‌م پێشانگه‌یه و هاوكارانى، ده‌سته‌ى گوشتوگوزار، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى، كۆمپانیاكانى "دریم، KTS، فڵاى میران، هۆڵیدهیس، بۆسفۆر لاین و لقى هه‌ولێرى كۆمه‌ڵه‌ى میوانخانه و چێشتخانه‌كان" ده‌كه‌م. هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.
سڵاو و دروود بۆ شه‌هیدانى كوردستان، كه له سایه‌ى گیانى پیرۆز و خوێنى گه‌شى ئه‌واندا، ئه‌مڕۆ كوردستان ئارامه و ڕۆڵه‌كانى، پلان بۆ داهاتوویه‌كى گه‌شتر داده‌ڕێژن.
سڵاو له هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه له عیراقدا له شه‌ڕی دژی تیرۆر شه‌هید بوون و گیانیان له ده‌ستدا بۆ ئارامی و خۆشگوزه‌رانیی خه‌ڵكی عیراق. سڵاو له پشمهرگهى قاره‌مان و هێزه ئه‌منییه‌كان و خۆبه‌خشانى كوردستان، كه شه‌و و ڕۆژ له‌پێناو پاراستنى كوردستاندا، گیانیان له‌سه‌ر ده‌سته. سوپاس و پێ‌زانین بۆ خه‌ڵكى خۆڕ‌اگرى كوردستان كه له‌پێناو ئێستا و داهاتووى كوردستاندا به‌رگه‌ى سه‌ختییه‌كانیان گرتووه و ده‌گرن. دڵنیاین ئاینده ڕووناكه و ژیانێكى باشتر چاوه‌ڕێی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
جارێكی دیكه هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو و هیوادارم كاتێكی خۆش به‌سه‌ر به‌رن و زۆر سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌كتان.
kdp-
