حاکم ئەحمەد ئەنوەر: سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران بۆ پرۆسەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی زۆر جیددین
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان، (حاکم ئەحمەد ئەنوەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە وەکو دەستەی دەستپاکی پڕۆژەیەکمان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بە ناوی ستراتیژیی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کراوە، کە ئەمە لە ھەموو وڵاتاندا ھەیە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بە پێی ئەو پڕۆژەیە کار لەسەر ھەموو سیکتەرەکان بکرێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەرنامە بۆ جێبەجێکردنی دابنرێت.''
(حاکم ئەحمەد ئەنوەر) گوتی: ''جگە لەوەش لیژنەی باڵای چاکسازیی ھەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی یەکەوە تا ئێستا کۆبوونەوەی نەکردووە، چونکە چەندین لیژنەی فەرعی لە ھەموو بوارەکاندا دروست کراون و ھەریەکەیان لە بواری خۆیدا کار دەکات و ڕاپۆرتی خۆی ئامادە دەکات، بۆنموونە کەرتی وەبەرھێنان و کەرتەکانی دیکە، کە ھەریەکەیان کار لەسەر کەرتی خۆیان دەکەن، بۆیە ھەرکاتێک لیژنە فەرعییەکان کاری خۆیان تەواو کرد، دواتر ئێمەش وەکو لیژنەی باڵا کۆبوونەوەی خۆمانی لەسەر دەکەین و ئەنجامەکەی دیار دەبێت.''
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: ''ئێمە، وەکو دەستەی دەستپاکی بەردەوام کەیسی گەندەڵیمان بەدەست دەگات و ژمارەیەکی زۆر لەو کەیسانە بە لامانەوە ھەیە، بۆیە بڕیارە لە کۆتایی مانگی شەشدا ڕاپۆرتی شەش مانگی خۆمان لەو بارەیەوە بڵاو بکەینەوە.''
(ئەنوەر) ڕوونیشی کردەوە: ''سەرۆکایەتیی ھەرێم و ئەنجومەنی وەزیران زۆر خەمخۆر و جیددین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و، ماوەی ساڵێک زیاترە بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت و ئەوەی گرینگیشە ئەنجامەکەیەتی و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لەو بارەوە دەردەچن، بۆیە ئەم جارە ھەست دەکەین کارکردن بۆ چاکسازی و نەھێشتنی گەندەڵی زۆر جیددیە.'
kdp-
