ئەنوەر حەسەن مەلا: گونجاوترین کات بۆ ڕیفراندۆم ئێستایە
(ئەنوەر حەسەن مەلا) بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئێستا گونجاوترین كاتە بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، بەتایبەتی ئێستا كە ئەو هەموو وڵاتانە پشتگیری لە گەلی كورد دەكەن، بۆیە ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەکان یەكگرتوو و یەكڕیز بن و یەك گوتاریان هەبێت، دەتوانن بەرامبەر بە دوژمنەكانی كورد بوەستنەوە و ئەو كێشە و قەیرانانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەن چارە بكەن، بەڵام ئەگەر هەر لایەنێك بۆ خۆی باسی كێشە و قەیرانەكان بكات و ئامادە نەبێت لەگەڵ لایەنەكانی دیكە دابنیشێت، زۆر زەحمەتە گوتارێكی یەكگرتوومان هەبێت.''
بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان گوتی: ''ئەگەر لایەنێك لە خواست و داوای خۆی بێتە خوارەوە، ئەوە نابێتە تەنازول، بەڵكو دەبێتە ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كورد و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، بۆیە زۆر پێویستە لایەنەكان ئەوە بكەن، بۆ ئەوەی گەلی كورد بەو ڕۆژە بگات، كە بە درێژاییی مێژوو قوربانیی بۆ دەدات.''
(ئەنوەر حەسەن مەلا) زیاتر گوتی: ''پارتی و یەكێتی دوو هێزی سەرەكیی هەرێمی كوردستانن، لێك نزیكبوونەوەی ئەو دوو لایەنە وا دەكات، كە كێشەكانی هەرێم چارە بکەن و لایەنەكانی دیكەش لە دەوری خۆیان كۆ بكەنەوە، ئەگەر ئەو دوو لایەنە وەك ڕابردوو دەست لەناو دەستی یەكدی بنێن، هەم دەتوانن ڕیفراندۆم بكەن و هەم دەتوانن كێشە و قەیرانەكانی هەرێمیش چارە بكەن.''
سەبارەت بەو لایەنانەی دەڵێن، ئێستا كات لەبار نییە بۆ ڕیفراندۆم و كێشە و قەیران هەن، بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: ''ئەو لایەنانەی دەڵێن، ئێستا لە هەرێمی كوردستان كێشە و قەیران هەن و كات لەبار نییە بۆ ڕیفراندۆم و ئەوانە دەکەنە بیانوو بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆم نەكرێت، نابێ ئەوانە بکەنە بیانوو، چونکە زۆر نەتەوە تا بوونەتە خاوەنی وڵاتی خۆیان تووشی زۆر كێشە و گرفت بوونەتەوە، بۆیە دەكرێت، هەموو لایەنەكان كێشەكان وەلا بنێن و دەست لەناو دەستی یەكدی بنێن، تا گەلی كورد بە ئاواتەكانی خۆی دەگات، پاشان كێشەكان چارە بكەن.''
kdp-
