پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان نوێنەری خۆی بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری كرد

پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان نوێنەری خۆی بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری كرد
سكرتێری پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم داوای لە لایەنەكان كرد نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بكەن، ئێمەش نوێنەری خۆمان دیاری كردووە. ڕوونیشی كردەوە، ئەمڕۆ زووترە لە سبەینێ بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدەین، ئەگەر ڕیفراندۆم نەكەین هەلەكە لە دەستمان دەچێت و دواتر گەڕانەوەیشی كارێكی ئەستەمە.

( باپیر كامەلا)، سكرتێری پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''هەرچەندە ئەو لیژنە هاوبەشەی كە سەردانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كرد، سەردانی ئێمەی نەكرد، بەڵام دواتر لە سەرۆكایەتیی هەرێمەوە پەیوەندییان پێوە كردین، كە نوێنەرێك بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بكەین، ئێمەش نوێنەرێكمان دیاری كردووە، کە (هاوكار مەحموود)، كارگێری مەكتەبی سیاسی بۆ ئەو كۆمیتەیە دیاری كراوە.''

سكرتێری پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان گوتی: ''پرسی ڕیفراندۆم پەیوەندیی بە هەموو تاكێكی كوردەوە هەیە، بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بڕیار لە ئایندەی گەلی كوردستان دەدرێت لە كوردستانی باشوور، بۆیە پێویستە هەموو لایەك بە ئەركی خۆی بزانێت، كە پشتگیری لە ڕیفراندۆم بكات، بەشداریكردنیش گرینگە، چونكە پرۆسەی ڕاپرسی بەرەو قۆناغێكی تازەی خەباتمان دەبات، کە هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆیی، وەک خەونی هەموو تاكێكی كورد، کە هەموو کوردێک بەو هیوایە بووە، ڕۆژێك لە ڕۆژان ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان، لەو پێناوەدا زۆرمان خەبات کردووە و زۆریشمان خوێن داوە، کە پێویستە هەموو لایەك پێوەی پابەند بن.''

( باپیر كامەلا) ڕوونیشی كردەوە: ''ئەمڕۆ زووترە لە سبەینێ بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدەین، ئەگەر ڕیفراندۆم نەكەین، هەلەكە لە دەستمان دەچێت و دواتر گەڕانەوەیشی كارێكی ئەستەمە.''
kdp-
Top