"ئافرەتان چاوەڕێی دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆمن؛ نابێ ئەو دەرفەتە لەکیس بدەین"

ئافرەتان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان، بە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستان دەزانن، بۆیە پێیان وایە دەبێ سەركردایەتیی سیاسیی كورد پەلە بكات لە پێكهێنانی لیژنەی ڕیفراندۆم و دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، بۆ ئەوەی هەموومان بە ''بەڵێ'' دەنگی بۆ بدەین و لەو عێراقە جیا ببینەوە، كە بە درێژایی مێژوو ئەنفال و كیمیابارانمان دەكات.

(تووران حوسێن)، ئافرەتێكی شاری سۆرانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''پشتگیری لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان دەكەین، ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەموو لایەنەكانیشە كە پشتیوانی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین.''

(شیرین موحسین)، ئافرەتێكی شارۆچكەی ڕواندزە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ریفراندۆم و سەربەخۆیی لە هەموو ناخۆشییەك دوورمان دەخاتەوە، بۆیە دەبێ سەركردایەتیی كورد پەلە بكات لە دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، بۆ ئەوەی دەنگی ئێمە بە ''بەڵێ'' بێت و، جارێكی دیكە ئەنفال و كیمیاباران نەكرێینەوە.''

(خاتوون مەلا)، ئافرەتێكی شارۆچكەی چۆمانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''وەك ئافرەتان داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین، كێشەكان بەلاوە بنێن و پشتگیری لە هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بكەن و نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بكەن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكرێت و دەنگ بە ''بەڵێ'' بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەین.''

(فاتیما ڕەسوول)، کە لە شارۆچكەی مێرگەسۆر مامۆستایە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون کردەوە: ''هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرینگییەكی زۆری پێ دەدەرێت و پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی جیهان زۆر گرینگە، هەر ئەوەش وای كردووە، ڕۆژانە سەرۆك و سەركردەكانی وڵاتانی جیهان بێنە هەرێمی كوردستان، ئەوەش هەمووی بۆ دیپلۆماسیی (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەگەڕێتەوە، بۆیە زۆر پێویستە لایەنەكان پشتگیری لە (سەرۆك بارزانی) بكەن، بۆ ئەوەی خەباتی گەلی كورد بەفیڕۆ نەچێت و بە ئاواتەكانی خۆمان بگەین.''

(قەدرییە حاجی)، کە لە شارۆچكەی شەقڵاوە فەرمانبەرە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''ئەگەر 100 ساڵی دیكەش لەگەڵ عێراق بین، دواجار هەردەبێت لێك جیا ببینەوە، چونكە ئێمە دوو نەتەوەی جیاین، خاوەنی زمان و ئاڵای خۆمانین، ئێستاش دەرفەتەكە هاتووەتە پێشەوە، جیهان، بەتایبەتی وڵاتە زڵهێزەكان بە چاوێكی دیكە تەماشای كورد دەكەن، بۆیە نابێت ئەو دەرفەتە لەكیس خۆمان بدەین و دەبێ لە زووترین كاتدا ڕۆژی ڕیفراندۆم دیاری بكرێت، چونكە گەلی كورد بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە ''بەڵێ'' دەنگ بە سەربەخۆیی خۆی بدات و بەو ئاواتە بگات، كە دەریایەك خوێنی بۆ داوە.''
kdp-
Top