شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی نوێنەریان بۆ ڕیفراندۆم دیاری کرد
(د. عەبدوڵڵا وەرتی)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان داوای لە ئێمە کردووە، نوێنەری خۆمان بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بکەن، ئێمەش نوێنەری خۆمان دیاری کردووە، بەڵام جارێ پێمان باش نییە ناوەکەی ئاشکرا بکەین.''
لای خۆیشیەوە (ھندرێن ئەحمەد)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمەش وەکو حیزبی شیوعیی کوردستان داوامان لێ کراوە، کە نوێنەری خۆمان بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بکەین و من وەکو نوێنەری حیزبی شیوعی بۆ ئەو کۆمیتەیە دیاری کراوم.''
ھەر لەمبارەیەوە (وەحیدە یاقۆ ھورمز)، نوێنەری پێکھاتەی مەسیحی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''داوا لە ئێمەش کراوە، نوێنەری خۆمان دیاری بکەین و حیزبەکان کۆبوونەوەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە سازکردووە و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکەش ئەنجام بدەن و نوێنەری خۆمان دیاری بکەین، بۆیە لەم چەند ڕۆژەدا نوێنەری خۆمان دیاری دەکەین.''
ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە بڕیارە ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و تەنیا ماوە کە ڕۆژەکەی دیاری بکرێ.
kdp-
