بەھۆی شەڕی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا 24 کاتژمێرە تەرمێک لە چیا ماوەتەوە

 بەھۆی شەڕی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا 24 کاتژمێرە تەرمێک لە چیا ماوەتەوە
دوای ئەوەی دوێنی چوارشەممە، فڕۆکەکانی تورکیا بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لە دەڤەری رێکانی تۆپباران کرد، لە ئەنجامدا ھاووڵاتییەک بە ناوی سدقی ئیسلام، خەڵکی گوندی سنجێ، شەھید بوو، دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە تەرمی ئەو شەھید بھێنرێتەوە و لە شوێنی تۆپبارانەکە ماوەتەوە.

دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە 3/5/2017 ھێزەکانی تورکیا تۆمپارانی دەڤەری رێکانی سەر بە شارەدێی شیلادزێ کرد، تەرمی سدقی ئیسلام، کە بەھۆی تۆپبارانەکەوە شەھید بووە و ماوەتەوە، کە تەنیا لە سەنتەری شارەدێکە سێ کاتژمێر دووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی تا ئێستا لەو دەڤەرە شەڕێکی قورس لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا بەردەوامە، ئەو تەرمە لەوێ ماوەتەوە.
ئەحمەد شامکی، گەنجێکێ گوندێ شامکێیە،رایگەیاند: "دوێنێ ئێمە زۆر ھەوڵمان دا کە بچینە شوێنی تۆپبارانەکە و تەرمی ئەو گەنجە بھێنیەوە، بەڵام ھێزەکانی تورکیا زیاتر لە 100 بۆمب ھێرشیان کردینە سەر، کەسێک لەگەڵ ئێمە بوو بریندار بوو، بۆیە لەو کاتەوە تا ئێستا رێکنەکەوتووە بتوانین ئەو تەرمە بێنینەوە".

بەرقی ئیسلام رێکانی، برای شەھید سدقی ئیسلامە، رایگەیاند: "دوێنێ برای من لەگەڵ ھەشت برادەری خۆی، بە نیازی گەشتوگوزار و کۆکردنەوەی گیای بەھاری چوبوویە گوندی سنجێ، بەڵام لەوکاتەدا سوپای تورکیا ئەو ناوچەیەی تۆپباران کردووە، لە ئەنجامدا برای من گیانی لەدەست دا".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە زیاتر لە 24 کاتژمێرە، بەھۆی بەردەوامی شەڕەوە نەمانتوانیوە تەرمی براکەم بھێنینەوە، ھەر لە شوێنی بۆمبارانەکە ماوەتەوە".

بەرقی ئیسلام رێکانی، گوتیشی: "ئێمە داوامان لە دەزگا ئەمنییەکانی دەڤەری شیلادزێ و ئامێدی کردووە کە داوا لە سوپای تورکیا بکەن تۆپبارانەکە رابگرن، تاکو بتوانین تەرمی برا شەھیدەکەمان بھێنینەوە".

لەمبارەوە ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی شارۆچکەی شیلادزێ، ئاشکرای کرد: "چەکدارانی پەکەکە بە ئازادانە لەو دەڤەرە جموجۆڵیان ھەیە، بۆیە ئەمەش دەبێتە ھۆی بوردومانکردنیان لەلایەن سوپای توریکاوە، زۆرجار چەکدارەکان تێکەڵی خەڵک دەبن و بەھۆیەوە خەڵکیش بەر بۆردومانەکان دەکەون، بەتایبەت لە شوێنە گەشتیارییەکان، تا ئێستا زیاتر لە 190 گوند بەھۆی بوونی پەکەکەوە لەلایەن گوندنشینەکانەوە چۆڵکراوە و خەڵک لە گیانی خۆی دەترسێت".







باسنیوز
Top