چاودێرێکی سیاسی: قسەکانی مەسرور بارزانی پەیامێک بوو بۆ جیهانی دەرەوە

 چاودێرێکی سیاسی: قسەکانی مەسرور بارزانی پەیامێک بوو بۆ جیهانی دەرەوە
چاودێرێکی سیاسی باس لە پرسی ریفراندۆم دەکات و ئەوە ئاشکرا دەکات کە قسەکانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پەیامێک بووە بۆ جیهانی دەرەوە، لە کاتێکدا هەندێک پێیانوابووە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئاستەمە.

سیروان کاکەیی، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای گەیاند: "لەماوەی ڕابردوودا ھەمو جۆرە هاوبەشییەک لەگەڵ عێراق تاقیکرایەوە و سوودی نەبووە، دەبووایە ماددەی 140 جێبەجێ بکرابایە،، عەقڵیەتێک لەبەغداوە ڕێگا بە ھەرێمی کوردستان نادات نەشونما بکات، بۆیە ئەمانە وای کرد کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بیر لە پرسی ڕیفراندۆم بکەنەوە، ئەم پرسە لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر دراوە“.

لەبارەی قسەکانی ڕۆژی چوارشەممە 3/5/2017ی مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە باسی لەوە کرد، پاشەکشە لە پرسی ڕیفراندۆم ناکرێت و لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت. سیروان کاکەیی ڕای گەیاند: ”قسەکانیان چەند بۆ ناوخۆی کوردستان بوو، ئەوەندەش بۆ جیھانی دەرەوە و وڵاتانی دراوسێ بوو، ھەندێک ھاوکێشەی ڕاست کردەوە کە خەڵک پێی وابوو ڕیفراندۆم ئاستەمە".

بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، مانەوەی کوردستان لەگەڵ عێراق جگە لە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ھیچی دیکە نییە، گرنگە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کاتێک بۆ پرسی ریفراندۆم دیاری بکات بۆ ئەوەی ھێزە سیاسییەکان ناچار بکات کە پابەندبن بە پرسی چارەنووسی گەلێکەوە و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە مانەوەی لەگەڵ عێراق کات کوشتنە.














باسنیوز
Top