بنەماڵەی تاڵەبانی: نیگەرانین لەو کتێبەی کە بەبێ ئاگاداریی مام جەلال بڵاو کراوەتەوە
شێخ عەلی تاڵەبانی، برازای جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، ڕایگەیاند: ”مێژووی کورد ناخۆشە، گرفتی زۆر تێدابووە، بەڵام لاپەڕەی نوێ ھەڵدرایەوە، بەتایبەت دوای ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی، نازانین بۆ لەم کاتەدا کتێبی تاڵەبانی بڵاو کرایەوە و کاتی ئەوە نەبوو، پرسەکەش ئەوە نەبوو، نەدەبوو لەم کاتەدا شتێکی لەو شێوە بکرێت، چونکە تاڵەبانی لە دۆخێکی تایبەتدایە و ئەم کتێبە بە پرسی تاڵەبانی بڵاو نەکراوەتەوە و پرسی پێنەکراوە و ئاگادار نەبووە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”تاڵەبانی گوتوویەتی، ھەندێک پرس ھەیە وەک ژیاننامە، بەچاودێریی خۆی بڵاو ببێتەوە، یان بۆ دوای خۆی، بەڵام ئێستا خۆی لەژیاندا ماوە، نەدەبوو لەم کاتەدا بڵاو بکرابایەوە، چونکە لەم کاتەدا بیرەوەرییەکان برینەکانی دەکولێننەوە“.
برازاکەی مام جەلال لە لێدوانەکەید ئاماژەی بەوەکرد: ”بەھۆی شەڕی ناوخۆییەوە زۆر شت ھەبووە و کراوە، بەڵام مانای نییە کەسانێک برینەکان بکولێننەوە، ئێمە لاپەرەیەکی نوێمان ھەڵداوەتەوە بۆ ئەوەی پەندیان لێ وەربگرین، لەکاتێکدا ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدیش لە مەراسیمی کتێبەکە لەوێ نەبووە، پێم وایە ھێرۆ خانیش ئاگادار نییە لەبڵاو کردنەوە، چونکە شتی لەسەر ئیبراھیم ئەحمەدیش گوتووە".
شێخ عەلی تاڵەبانی ئەوەی ڕوون کردەوە کە ”د. مەحمود عوسمان دەزانێت تاڵەبانی لەگەڵ جیابوونەوە لە پارتی نەبووە و پێی خۆش نەبووە، تەنانەت ڕەحمەتی مەلا مستەفا بارزانی گوتوویەتی، پێم باشە تاڵەبانی نەڕوات و ئەو بکەمە سکرتێری حزب، خۆشمان لە مام جەلالمان پرسیوە، مام جەلال گوتی دەبوو لەگەڵ ئەو گروپە بچوومایە کە حزبی بوون“.
برازاکەی مام جەلال جەختی لەوە کردەوە کە تاڵەبانی گرفتی کەسی لەگەل مەلا مستەفای بارزانی نەبووە و ”مام جەلال کاتێک چووەتە ماڵی بارزانی، کەس نەیتوانیوە بچێت، مام جەلال کوڕی ماڵی بارزانی بووە، حەمایل خانی رەحمەتی وەک کوڕی خۆی حیسابی بۆ کردووە، بۆیە دەبێت زۆر خاڵی گەش ھەڵبدەینەوە، نەک برینەکان بکولێنینەوە“.
ئەوەشی دووپات کردەوە کە بڵاوکردنەوەی کتێبەکە جگە لەوەی ”خەڵکی نیگەران کردووە، لە ھەمان کاتدا بەبێ ئاگاداریی تاڵەبانی بووە“.
باسنیوز
