"کۆدەنگییەک بۆ ھەڵوەشانەوەی بڕیاری ھەژمار نەکردنی وانەکانی کوردی و عەرەبی ھەیە"
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکات کە بەھۆی ئەوەی ماوەیەکی کەمی ماوە، قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی تاقیکردنەوە بکەن، بڕیاری ھەژمارکردن و ھەژمارنەکردنی وانەی زمانی عەرەبی و کوردی یەکلایی بکەنەوە، چونکە قوتابیان راڕا دەکات.
ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ھەر چەندە ماوەیەکی زۆر بەسەر بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر ھەژمارنەکردنی وانەی عەرەبی و کوردی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ تێپەڕیوە، بەڵام رۆژ بەڕۆژ ناڕەزایەتی بەرانبەر بڕیارەکە زیاتر دەبێت، بە جۆرێک لە ئێستا بەشێکی یەکێتیی مامۆستایان و زانکۆی سەڵاحەدین و لێژنەی پەروەردەی پەرلەمان و کەسایەتی پەروەردەیی و سیاسی کۆدەنگن لەسەر ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوە بە بڕیارەکەدا بچێتەوەو گۆڕانکاری تێدا بکات".
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان، ئەوەشی خستەڕوو: "وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوەیەک پێش ئێستا بڕیاری دا کە بۆ ئەوانەی لە کۆلێژی پزیشکی و ئەندازیاری و زانست وەردەگیرێن، ھەژمارکردنی وانەی عەرەبی و کوردی ئارەزومەندانەیە، بەڵام بۆ ئەوانەی دیکە ھەژمار ناکرێت، کە ئێمە پێمانوایە ئەوە بارێکی ناجێگیری دەروونی لای قوتابیان دروست دەکات، بۆیە داوا دەکەین و ھەوڵدەدەین کە ھەر نەبێت ئەمساڵ ئەو بڕیارە ھەڵپەسێرن".
bas news -
