وەزیری کشتوکاڵ: بە ھەوڵی ھەمەلایەنە کشتوکاڵ دەتوانێت ببێتە ئەلتەرناتیڤی پتڕۆل

وەزیری کشتوکاڵ: بە ھەوڵی ھەمەلایەنە کشتوکاڵ دەتوانێت ببێتە ئەلتەرناتیڤی پتڕۆل


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەشداریی لە پانێڵێکی کۆلیژی ئیشق کرد و تێدا گوتارێکی لەبارەی رەوشی کشتوکاڵ پێشکەش کرد.



عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەشداریی لە پانێڵێکی فراواندا کرد کە لە کۆلیژی ئیشق ساز کرا، پانێڵەکە لەژێر ناونیشانی (ئەلتەرناتیڤەکانی پتڕۆڵ بۆ گەشەسەندنی ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە کەرتەکانی: گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و پیشەسازی) بە ھاوبەشیی بەشی یاسای کۆلیژی ئیشق و تۆڕی ھەماھەنگیی رێکخراوەکان ئەنجامدرا.


لە پانێڵکەدا ھەر یەک لە نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. ئیدریس ھادی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی کۆلیژی ئیشق و وەزیری پێشووی پیشەسازی و ژمارەیەکی دیکەی پسپۆڕانی یاساو وەبەرھێنان و مامۆستایانی کۆلیژی ئیشق بەشدارییان تێدا کرد.


لە میانی پانێڵەکەدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەتێر و تەسەلی باسی لە سێکتەری کشتوکاڵ کرد کە بنەمایەکی گرنگی ئابووریی کوردستانە، لەم بارەوە ئاماژەی بە مێژووی کشتوکاڵ لە جیھاندا کردو دووپاتی کردەوە کە بەر لە بەرپابوونی شۆڕشی پیشەسازی، شۆڕشی کشتوکاڵ ھەڵگیر سابوو، بۆیە دەبینین کە زۆربەی پیشەسازییەکانی خۆراک پشت بە بەرھەمە کشتوکاڵییەکان دەبەستێت.


ھاوکات جەختی لەوە کردەوە کە کشتوکاڵ رۆڵی سەرەکی لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک ھەیە، ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگ دا ئەویش ھەبوونی قەناعەت و ھەوڵدانە لای ھەموو کایەکانی دەسەڵات و یاسا بەوەی کە کشتوکاڵ پێویستە بایەخی پێ بدرێت و بکرێتە سێکتەری سەرەکیی داھات و بووژاندنەوەی ئابووری.


دواتر کورتە باسێکی دەربارەی ئەو قۆناغانە کرد کە کاریگەرییان ھەبووە بۆ سەر تێکدان و لاوازبوونی ئەو کەرتە گرنگە ھەر لە بەرنامەو سیاسەتەکانی رژێمی بەعس، ڕاگواستن، کاولکردنی گوندەکان و لەسەردەمی راپەڕین و ساڵانی دواتریش بە ھۆی دامەزراندن لە حکوومەت و کۆچی گوندنشینەکان بۆ شار و کەمیی بودجە و ئەو قەیرانە داراییەی کە بەرۆکی کوردستانی گرتۆتەوە، بۆیە بە گوتەی ئەو، ئەم سێکتەرە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی زانستی و کردارەکی ئەرکی خۆی لە پێشخستنی دۆخی ئابووریی بھێنێتەدی، ھەروەھا ئاماژەشی بە پڕۆژەو بەرنامەکانی وەزارەت کرد کە ئەگەر بھێنرێتەدی و بوودجەی پێویستیان بۆ دابینبکرێت، ئەو کاتە کشتوکاڵ دەتوانێت یەکێک بێت لە ئەلتەرناتیڤەکانی پتڕۆڵ بۆ گەشەسەندنی ئابووری.

bas news -
Top