عەلی قادر: هەر هاووڵاتییەك بەشداریی بایۆمەتری نەكات، تا 10 ساڵی دیكە مافی دەنگدانی نابێت

عەلی قادر: هەر هاووڵاتییەك بەشداریی بایۆمەتری نەكات، تا 10 ساڵی دیكە مافی دەنگدانی نابێت
بەرپرسی ئۆفیسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، بەشداریی هاووڵاتیان لە بایۆمەتریدا بە ئەركێكی نیشتیمانی دەزانێت و جەخت دەكاتەوە، هەر هاووڵاتییەك خۆی تۆمار نەكات، بۆ ماوەی دە ساڵی دیكە مافی دەنگدانی نابێت.

(عەلی قادر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "تیمەكانمان بەردەوامن لە تۆماركردنی هاووڵاتیان لە سیستمی بایۆمەتری و تا نزیك دەبینەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، تۆماركردنی هاووڵاتیان بەردەوامی دەبێت، لەبەر ئەوەیش داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەین، ئەوانەی بەشدار نەبوونە سەردانی بنكەكانی خۆتۆماركردن بكەن بۆ ئەوەی مافی دەنگدانیان هەبێت لە هەڵبژاردنەكاندا، چونكە ئەم پڕۆسەیە زۆر گرینگە و هەر هاووڵاتییەك خۆی سەردانمان نەكات، ئەوە ناوی لە تۆماری دەنگدەران تۆمار ناكرێت و ناتوانین كارتی دەنگدانی بۆ دروست بكەین، ئەوەی تا ئێستا لای ئێمە زانیاری تۆمار كراوە، لە پارێزگای هەولێر 43% بەشداری هەبووە و لە سلێمانی 35% و لە سنووری پارێزگای دهۆك گەییشتووەتە 52%".

بەرپرسی ئۆفیسی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "تیمەكانی ئێمە سنووردارن و ناتوانین ژمارەیان زیاد بكەین، بۆیە پڕۆسەی بایۆمەتری بۆ ئێمەیش قورسە و رۆژانە دەتوانین بەپێی سیستم ژمارەیەكی دیاریكراو هاووڵاتی تۆمار بكەین، خۆشبەختانە تا رادەیەكی زۆر هەرێمی كوردستان هاوكاریمان دەكات و لە سنووری پارێزگاكانی دیكەی عێراق رێژەی تۆماركردن زیاترە لە هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لە پارێزگاكانی خوارووی عێراق، چونكە ئەوان زووتر لە ئێمە دەستیان بە كارەكانیان كرد".

(قادر) گوتیشی، "یاسا هیچ سزایەكی بۆ ئەو كەسانەی بەشداریی بایۆمەتری ناكەن، دیاری نەكردووە، بەڵام ئەركێكی نیشتیمانییە و پڕۆسەیەكی زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی تۆماركردنی دەنگدەر بۆ ماوەی 10 ساڵە، واتە تا دە ساڵی دیكە كاری پێ دەكرێت و هەر كەسێك ناوی تۆمار نەكرێت لە لیستی دەنگدەراندا، تا دە ساڵی دیكە هەر هەڵبژاردنێك لە عێراقدا بكرێت، مافی بەشداریكردنی نابێت، بە هۆی سیستمی بایۆمەترییەوە هەموو ئەو گلەییانەی پێشتر لە پڕۆسەی تۆماری دەنگدەران هەبوون، نامێنن لەوەی باسی ناوی دووبارە و مردوو دەكرا، چونكە ئامێرەكانمان ناوی دوبارە ئاشكرا دەكەن و وێنەی كەس وەرناگیرێت تا خۆی وێنەكەی راستەوخۆ تۆمار نەكرێت، ئەوەیش دەبێتە هۆی پاكسازی لە لیستی دەنگدەراندا".

kdp -
Top