ئاساییشی كەركووك ده‌یان تیرۆریست و گومانلێكراوی دەستگیر كردوون

ئاساییشی كەركووك ده‌یان تیرۆریست و گومانلێكراوی دەستگیر كردوون
گوتەبێژی ئاساییشی كەركووك، ژمارەی دەستگیركراوانی داعش لە سنووری پارێزگاكەیان دەخاتە ڕوو و دەڵێ، دەزگا ئەمنییەكان بەردەوامن لە لێكۆڵینەوە و كۆنتڕۆڵكردنی ئارامیی شار.

(فەرهاد حەمەعەلی)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "بە سەرپەرشتیی لیوای مافپەروەر (هەڵۆ نەجات) بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك، هەروەها بە هەوڵ و ماندووبوونی ئەفسەرانی ئاساییشی كەركووك و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكان، توانیومانە لە (1\3 تا 1\5)ـی ساڵی (2017)، زیاتر لە 90 تیرۆریست و گومانلێكراو دەستگیر بكەین.''

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی (حه‌مه‌عه‌لی)، (29) تیرۆریست بە ماددەی 4ـی تیرۆر دەستگیر كراون، هەندێك لەم چەكدارانە لەلایەن دادگاكانەوە داوا كراون، هەندێكیان چەكداری داعش بوون لە سەنگەرەكان لە دژی پێشمەرگە جەنگیان كردووە.
(32) گومانلێكراو دەستگیر كراون، لەگەڵ (4) كەسی دیكەدا كە دزییان لە هاووڵاتیانی شاری كەركووك كردووە، ئەمە جگە لە دەستگیركردنی (3) تاوانباری دیكە كە ماددەی هۆشبەریان بەكار هێناوە و كڕین و فرۆشتنیان پێوە كردووە.

گوتەبێژی ئاساییشی كەركووك گوتیشی، "لەناو بازاڕی كەركووكیش (10) كەسمان دەستگیر كردووە كە شەڕیان دەكرد، هەروەها كەسێكی دیكەمان دەستگیر كرد كە لە بەندیخانەی مووسڵ ڕای كردووە كاتێك داعش ناوچەكانی كۆنتڕۆڵ كردووە و لە كەركووك نیشتەجێ بووە، دوو كەسی تریش دەستگیر كراون كە خەڵكیان رفاندووە، هەروەها هەشت تاوانباری دیكە دەستگیر كراون كە سەرپێچیی یاسایان كردووە و بەم هۆیەوە ئارامی بۆ شارەكە گەڕاوەتەوە".
وه‌ك (فه‌رهاد حەمەعەلی) ئاماژه‌ی دا، لەناو گیراوەكاندا چەكداری داعش هەبووە كە لە حەویجە شەڕی كردووە لە دژی پێشمەرگە و، جگە لەوەیش شانەی نووستوی داعش هەبووە كە زانیاری داوە بە داعش.


kdp -
Top