وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار: گه‌شتوگوزار ده‌كه‌ینه جێگره‌وه‌ی نه‌وت
(نه‌ورۆز مه‌ولوود) به ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "ئاسایش و خزمه‌تگوزاری دوو پێداویستیی سه‌ره‌كیی بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزارن و به خۆشحاڵیشه‌وه ئێستا ئه‌وه له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه".
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه له‌پاڵ سێكته‌ری وزه‌دا، بایه‌خ به كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار و پیشه‌سازی ده‌دات و چه‌ند قۆناغێكیشی له‌پێناو سه‌رپێخستنی ئه‌و كه‌رتانه‌دا بڕیوه.
له دوای ساڵی 2003 و جێگیربوونی ئاسایش و ته‌ناهی له كوردستان، گه‌شتیارانی بیانی و عێراقی روویان له كوردستان كرد، به‌شێوه‌یه‌ك كه ته‌نیا له‌ماوه‌ی ساڵی 2013، نزیك به سێ ملیۆن گه‌شتیار هاتوونه‌ته كوردستان.
دوای هاتنی داعش بۆ عێراق و داگیركردنی به‌شێك له خاكی ئه‌و وڵاته و هه‌رێمی كوردستان، كه‌رتی گه‌شتیاری به ته‌واوی لاواز بوو.
به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، له ماوه‌ی ساڵی 2015، ته‌نیا نزیك به300 هه‌زار گه‌شتیار روویان له كوردستان كردووه، به‌ڵام ساڵێك دواتر ئه‌و رێژه‌یه بۆ ملیۆنێك و 300 هه‌زار كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه و وه‌ك (نه‌ورۆز مه‌ولود) ده‌ڵێ، "30%"ی ئه‌و گه‌شتیارانه بیانی بوونه.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ده‌ڵێ، "پلانی تۆكمه‌مان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیاریی له كوردستان وه‌رزی نه‌بێت، به‌ڵكوو هه‌موو وه‌رزه‌كان بگرێته‌وه. هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا ئه‌مساڵ رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ 70 كۆمپانیا كردووه بۆ هێنانی گه‌شتیار بۆ كوردستان".
ئه‌و، دووپاتی ده‌كاته‌وه كه كوردستان ده‌كرێ ببێته شوێنێكی گونجاو بۆ گه‌شتیاران و هه‌ر بۆیه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ن، "گه‌شتوگوزار بكه‌ن به جێگره‌وه‌ی نه‌وت."
(نه‌ورۆز مه‌ولوود) وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ قسه‌كانی، ئاشكرای ده‌كات كه ته‌نیا له ماوه‌ی 10 رۆژی جه‌ژنی قوربانیی رابردوودا، توانراوه له رێگه‌ی كه‌رتی گه‌شتیارییه‌وه نزیك به 700 ملیۆن دۆلار بێته ناو كوردستان.
kdp-
