ھەولێر ئاوەدان دەکرێتەوە.. ئەو پڕۆژانەی بە نیوەچڵی بەجێمابوون تەواو دەکرێن

ھەولێر ئاوەدان دەکرێتەوە.. ئەو پڕۆژانەی بە نیوەچڵی بەجێمابوون تەواو دەکرێن
بەرپرسێکی پارێزگای ھەولێر زانیاریی دڵخۆشکەری دەربارەی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکانی سنووری شاری ھەولێر ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لەمەودوا پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام دەدرێن و ئەوانەیشی بە نیوەچڵی بەجێمابوون، تەواو دەکرێن.

(ھەمزە حامید)، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ماوەی چەند ڕۆژێکە دەست بە تەواوکردن و دەستپێکردنی چەند پڕۆژەیەک لە سنووری شاری ھەولێر کراوە، کە بەشێک لەو پڕۆژانە پێشتر بەھۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوون و دواتر حکوومەت دەستی کرد بە خەرجکردنی ١٠ ملیۆن دۆلاری بەڵێندەران و، مانگانە سێ ملیۆن دۆلار بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان دەدرێت، ئەوەش بووەتە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان و جووڵەیەکی کار لە شاری ھەولێر پەیدا بووە و ھەلی کاریش بۆ ھاووڵاتیان زیاتر بووە.''

(ھەمزە حامید) گوتیشی: ''ھەندێ پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەم پڕۆژانە لەسەر خەرجی ٢٠% داھاتی شارەوانین، کە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان بەکار دەھێندرێت، ئەوەش لە سنووری ھەرشەش بەڕێوەبەرایەتیەکەی شارەوانیی شاری ھەولێر دەبێت و، جگە لەو پڕۆژانەیشی کە ئێستا دەستیان پێ کراوە، پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان لەمەودوا بەردەوام دەبن.''
kdp-
Top