فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی سنووری ئامێدییان بۆردومان کرد

 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی سنووری ئامێدییان بۆردومان کرد
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە چوارچێوەی بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری گوندەکانی دەڤەری (ڕێکان) لە شاری ئامێدی، ھاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستانیان شەھید کرد.

پەیامنێری (باسنیوز) لە ئامێدی ئاماژەی بەوە کرد کە دەوروبەری کاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 3/5/2017، فڕۆکە جەنگییەکای تورکیا بەچڕی بنکە و بارەگاکانی پەکەکەیان لە سنووری گوندەکانی دەڤەری ڕێکان بۆردومان کرد.

ھاوکات ھاووڵاتییەک لە گوندی (شامکێ)ی سەر بە ڕێکان ڕایگەیاند: ”خەڵکی ناوچەکە بۆ دەستکەوتنی گیا بەھارییەکان، سەردانی کوێستانەکانیان کردبوو، بۆیە چەند ھاووڵاتییەک کەوتوونەتە بەر بۆردومانەکە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”لە کوێستانەوە کەسێکی خەڵکی گوندەکەی ئێمە، پەیوەندی بە کەسوکاریەوە کردووە تاوەکوو بەھانایەوە بچن، گوتوویەتی بە ھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، یەکێکیان شەھید بووە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە“.

ناوچەکانی نێروە، ڕێکان و دۆسکی ژووری دەکەونە سنووری شارەدێی شیلادزێی سەر بە شاری ئامێدی، بەھۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە، بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان دەکرێن.













باسنیوز
Top