وارماوا.. دوو کەس بە تۆمەتی ڕاوکردنی باڵندەی کێوی دەستگیر کران

 وارماوا.. دوو کەس بە تۆمەتی ڕاوکردنی باڵندەی کێوی دەستگیر کران
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، کە دوو کەسیان بە تۆمەتی ڕاوکردنی باڵندەی کێوی دەستگیر کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/5/2017، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ھاتووە: " مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارەدێی (وارماوا)ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە دەرچوونێکی مەیدانییاندا بۆ سنووری (بەردەکەڕ) توانیان (2) ھاووڵاتی تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵی ڕاوکردنی باڵندەی کێوی بوون ".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، کە ھاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە، دەست بەسەر یەک چەکی جۆری تاپڕ، دوو باڵندە لە جۆری کەو، چوار دەستەداو، یەک ئۆتۆمبیل و دوو موکەبەرە، کە بۆ ڕاوکردن بەکاریان ھێنابوو، گیراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی داوا لە ھاووڵاتیان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، کە لەپێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستاندا، پێویستە ھەموان پابەند بن بە ڕێنماییەکانی پۆلیسی دارستان.






باسنیوز
Top