بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران گۆڕانکاری تیدا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران گۆڕانکاری تیدا دەکرێت
سەرۆکی شارەوانی سۆران، ئاشکرایی دەکات کە ھەوڵەکان بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران بەردەوامە و سنووری سێ شارۆچکە لە خۆدەگرێت.



عەبدولحەکیم تێلی، سەرۆکی شارەوانی سۆران، "ئەگەرچی لە کۆتایی ساڵی رابردوو فەرمانی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی سۆران دەرچووە، بەڵام تائێستا بڕیارەکە بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە، چونکە ئەو جۆرە کارانە پێویستیان بە رێکاری ئیداری ھەیە بۆ جێبەجێکردن و کارەکانی کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە".



سەرۆکی شارەوانی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو: "بەکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، ئاسانکارییەکی باش دەبێت، کە ھەندێک لەکارەکان و دەستەڵاتەکان لەبری ئەوەی سەردانی شاری ھەولێر بکەین لە سۆران جێبەجێ دەکرێن و کارەکانی ھاووڵاتیانیش خێراتر بەڕێوەدەچن".



گوتیشی: "سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، ھەرسێ شارۆچکەکانی سۆران، چۆمان، رواندز دەگرێتەوە، تەنھا شارۆچکەی میرگەسۆر نەبێت، چونکە لەسەر خواستی خۆیان ئەوان راستەوخۆ سەربە ھەولێر دەبن".



بەفەرمانێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان، خۆیەتی ژمارە (9252) لە 27/11/2016 بڕیاردرا بەکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران و بەستنەوەی سنووری ھەر چوار شارۆچکەکانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز، لەگەڵ شارەدێکانیان.



ھەروەھا بەپێی فەرمانی ھەمان وەزارەت بە ژمارە (9548) لە 7/12/2016 بڕیاردرا بوو بەدانانی عەبدولحەکیم تێلی حەسەن، بەناونیشانی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، بەڵام گوایە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی مێرگەسۆر، راستەوخۆ سەربە ھەولێر دەبێت.
bas news-
Top