859 چەكداری داعش لە مووسڵ كوژراون
فەرماندەیەكی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ ئاشكرای كرد لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راستی مووسڵ كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دەستی پێكرد، تاوەكو ئێستە 859 چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كوژراون.
فەریق رائید شاكر جەودەت فەرماندەی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ رایگەیاند كە لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راستی مووسڵ كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا دەستی پێكرد، تاوەكو ئێستە هێزەكانیان 859 چەكداری داعشیان كوشتووە، هەروەها 284 ئۆتۆمبێل و 253 ماتۆڕسكلی بۆمبڕێژكراویان تەقاندووەتەوە، هەروەها 274 كیلۆمەتر چوارگۆشەیان كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە.
لە بەیاننامەیەكدا، رائید شاكر ئاماژەی بەوەش داوە كە هێزەكانیان 62 ئامانجیان لە ناوچە و گەڕەكەكانی بەشی راستی مووسڵ كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە، هەروەها 265 هەزار مەدەنیشیان لە ناوچەی شەڕەكان گواستووەتەوە بۆ ناوچە ئارامەكان و لە بەرامبەردا 30 هەزار ئاوارەیان گەڕاندووەتەوە بۆ ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان لە بەشی راستی شارەكە.
رائید شاكر ئەوەشی روون كردووەتەوە كە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، بەرپرسی ئازووقە و میرەی داعشیان لە نزیك پردی پێنج لە بەشی راستی مووسڵ كوشتووە، هەروەها هێزەكانیان ژمارەیەك حەشارگەی داعشیان لە پشت مزگەوتی سەحابە لە ناوچەی 17ی تەمووز بۆردومان كرد كە بە هۆیەوە 18 چەكداری داعش كوژران.
bas news-
