پارتی لە دهۆک پۆستێکی دیکەی بە یەکگرتووی ئیسلامی دا

 پارتی لە دهۆک پۆستێکی دیکەی بە یەکگرتووی ئیسلامی دا
ئەمڕۆ لە پارێزگای دھۆک، پارتی پۆستێکی بەڕێوەبەری گشتیی ڕادەستی یەکگرتووی ئیسلامی کرد و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، پێشتر ھەردوولا ڕێکەوتووین لەسەر پێدانی ژمارەیەک پۆستی ئیداری بە یەکگرتووی ئیسلامی.

(ھوشیار فەریق)، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان چەند پۆستێک لە ئیدارەی خۆجێیی دھۆک بە یەکگرتووی ئیسلامی دراون و دوای ئەوەی ناوی سێ کاندیدی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک پەسەند کران و فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانیان بۆ دەرچوو، ئەمڕۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دھۆک لە لایەن کاندیدێکی یەکگرتووی ئیسلامییەوە پڕکرایەوە و دەستبەکار بوو.''

(ھوشیار فەریق) دەڵێت: ''جگە لەو بەڕێوەبەرە گشتییە، ڕۆژانی ڕابردوو دوو بەڕێوەبەری دیکەی پارێزگای دھۆک گۆڕانکارییان تێدا کرا و بڕیاریشە لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارەی پارێزگای دھۆکەوە گۆڕینی پۆستی بەڕێوەبەرەکان بەردەوام بێت، ئەوەش بۆ زیاتر کاراکردنی فەرمانگەکانی حکوومەت و بەڕێوەبردنی کاروباری ھاووڵاتییان.''
kdp-
Top