هەورامی لە ئەنجومەنی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە پرسی سەربەخۆیی خستە بەرباس

هەورامی لە ئەنجومەنی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە پرسی سەربەخۆیی خستە بەرباس
(هێمن هەورامی) یاریدەدەری (سەرۆک بارزانی)، لە لەندەن، پایتەختی بەریتانیا، ڕۆژی ٢ی ٥ی ٢٠١٧ لە لایەن ئیدارەی ئەنجومەنی ئەورووپا بۆ کارووباری دەرەوە، سیمینارێکی بۆ ڕێکخرا، کە ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و ئەکادیمیی ناسراو و ڕۆژنامەنووسی دیاری بەریتانیا لە سیمینارەکەدا ئامادە بوون و پرسی سەربەخۆیی خستە بەرباس.

مەبەستی ئەنجومەنی ئەورووپا بۆ کارووباری دەرەوە لە ڕێکخستنی ئەم سیمینارە بۆ (هەورامی) دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕەوشەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێدەپەڕێت و ستراتیژیی هەرێمی کوردستانیش لەو نێوەندەدا بووەتە واقعێک، کە دەشێت وەک دەرچەیەک بۆ پەرینەوەی بەرەو دیموکراسیی ئەو سیستەمە چەقگرتووەی ناوچەکەی بەم ڕەوشە گەیاندووە، مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

یاریدەدەری (سەرۆک بارزانی) لە سیمینارەکەیدا سیاسەتی (سەرۆک بارزانی)ی لەو بارەیەوە ئاشکرا کرد و گوتی، لەکاتێکدا (سەرۆک بارزانی) لە ڕێی گفتوگۆ و ئاشتییەوە داوای ڕیفراندۆم دەکات، کە مێژووی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕابردووی هەرێمی کوردستان ئەوەی سەلماندووە، کە نابێ چی دیکە هەرێمی کوردستان بسپێرینە دەست قەدەر و نابێ ئایندەی هەرێمی کوردستان وەک ڕابردووەکەی بێت. بۆیە پەنا دەبەینە بەر کوردستانییان و بە دیالۆک لەگەڵ بەغداد ئەم پرسە یەکلا دەکەینەوە. (هەورامی) گوتیشی، (سەرۆک بارزانی) ئەم ڕێگایە بە ڕێگای چارەسەری دەزانێت بۆ ئەهوەنکردنەوەی ناوچەکە و سەروەریی گەلان لە ناوچەکەدا، ئەمەش نابێت بچێتە بابی سیاسەتێک کە بە سیاسەتی دژ بە گەلانی دیکەی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ تەماشا بکرێت. ئەمە ئەو مافەیە کە بە درێژایی مێژوو لێمان سەندراوە و، ئێستا کاتی وەرگرتنەوەیەتی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی (هەورامی)دا، خستنە ڕووی ئەو میکانیزمانە بوو کە هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان بۆ سەربەخۆیی هەیانە و، (هەورامی) پێی وابوو، ئەمە تەنیا کاری حزبێک نییە، بەڵکو دەبێت هەموو لایەنەکان کاری بۆ بکەین. ئەوەشی گوت، کە هەرێمی کوردستان ڕێگاکانی ئاشتی بۆ ئەم پرسە هەڵبژاردووە، ئەوەی گرینگە ئەوەیە بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەکەمان، مافی هیچ نەتەوەیەکی دیکە پێشێل ناکەین. هیوامان وایە دەوڵەتانی ناوچەکە لەمە تێبگەن.

kdp-
Top