دیندار زێباری: نزیکەی ٧٠٠ هەزار ئاوارە ڕوویان لە کەرکووک کردووە
لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە ناویشیاندا ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ چەندین تۆمەتیان داوەتە پاڵ هێزەکانی ئاسایشی کەرکووک، کە هاتوچۆی ئاوارە تورکمانە سوننیەکانیان سنوردار کردووە، بەڵگە و ناسنامەیان لەو ئاوارانە سەندووەتەوە کە ڕوویان لە کەرکوک کردووە، بەزۆر ناچار کراون بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، لە کاتێکدا ناوچەکانیان هێشتا مەترسییان لەسەرە و، هەندێک جاریش بەبێ بوونی بەڵگەی تەواو ئەو ئاوارانە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژ بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر دەکرێن، کەچی ئەوان پێیان وایە تەنیا هۆکاری ئەم دەستگیرکردنە ئەوەیە، کە ئەوان تورکمانی سوننەن، نەک هیچ شتێکی دیکە.
(د. دیندار زێباری)، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی هێزەکانی ئاسایشی کەرکووک لەگەڵ تورکمانە سوننەکان ڕایگەیاند: بە شێوەیەکى گشتى ئەو ئاوارانەى کە ڕوویان کردووەتە کەرکووک نیزیکەى ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزارکەس دەبن و نەتەوەکان پۆلین نەکراون، بەڵکو هەموو نەتەوەکان بە یەک شێوە خزمەتیان پێشکەش دەکرێت. ئەو ئاوارانەى کە شارەکانیان ئازاد کراوە و ماوەى چەندین مانگ یان ساڵ بەسەر ئازادبوونیاندا تێپەڕیوە، بە پێی بڕیارى پارێزگاى کەرکووک و پارێزگارەکانى ئەو شارانە، هەروەها بە بڕیاری ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق ئە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بۆ ئەوەی دووبارە شارەکانیان ئاوەدان بکرێنەوە، بۆ نموونە هاووڵاتییانی دیالى و تکریت.
سەبارەت بەزۆرەملێ گێڕانەوەی ئاوارە تورکمانە سوننەکان و دەرکردنیان لە شاری کەرکووک سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، کە بە هیچ شێوەیەک ماوەی تایبەت بە تورکمانە سوننەکان دەستنیشان نەکراوە و مامەڵەی جیاواز بەرامبەر ئاوارەکان نەکراوە، نە تورکمانە سوننەکان و نە نەتەوە و تایەفەکانی دیکە، بەڵکو کارەکان لەسەر بنەماى بەڵگەى تاوان ئەنجام دەدرێت و هەموو کەس یەکسانە، ئەگەر کەسێکى تیرۆریست کورد بێت، تورکمان، عەرەب، شیشانى یان هەر نەتەوەیەکی دیکە بێت، ئەوە لە بڕیاردان لەسەریان هیچ جیاوازییان نییە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا (د. دیندار زێباری) ڕایگەیاند: ''بەپێچەوانەی ئەوەی باس کراوە، ئاوارەکان سەرەتا لە لایەن هێزەکانى پێشمەرگەوە پێشوازییان لێ دەکرێت، دواتر ئەوانەى لە میحوەرى ٥ى دووبز دێن ڕەوانەى معاونیەتى ئاسایشى دووبز دەکرێن و لەوێ یارمەتى مرۆیی خێرایان پێشکەش دەکرێت؛ وەکو خواردن، خواردنەوە، دەرمان، پێداویستیى سەرەکى و هتد.. ئەمەش بە هاوکاریى چەند ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتیى وەکو IOM,UNHCR ICRC,UNICEF)) و هتد.. پاشان لە لایەن لێژنەیەکى هاوبەش لە کەسایەتیى ئاوارەکانەوە دەست بە لێکۆڵینەوەیەکى سەرەتایی دەکرێت بۆ جیاکردنەوەى ئەوانەى کە تومەتبار یاخود تاوانبارن. ئەم پرۆسەیە نیزیکەى ٥ تا ٢٤ کاتژمێر دەخایەنێت (جگە لە حاڵەتى نائاسایی وەکو پشوو)، پاشان کەسی داواکراو حەواڵەى شوێنى داواکردن دەکرێت، بۆ نموونە، پۆلیس و دادگا.
لە کۆتاییدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەو ئاوارانەى کە شارەکانیان ئازاد کراوەوە و ماوەى چەندین مانگ یان ساڵ بەسەر ئازادبوونیاندا تێپەڕیوە، بەپێی بڕیارى پارێزگاى کەرکووک و پارێزگارەکانى ئەو شارانە و بە بڕیاری ئەنجومەنى وەزیرانی عێراق دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
kdp-
