هیوا ئەفەندی: پرۆسەی بایۆمەتری ١٥ ڕۆژی دی درێژ کرایەوە

هیوا ئەفەندی: پرۆسەی بایۆمەتری ١٥ ڕۆژی دی درێژ کرایەوە
بەرپرسی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ، پرۆسەی بایۆمەتری بۆ سلکی مەدەنی کۆتایی پێ ھاتووە و بۆ سلکی سەربازی ١٥ ڕۆژ درێژ کراوەتەوە، کە لەمڕۆوە دەست پێ دەکات و زیاتر درێژ ناکرێتەوە؛ ئاماژەیشی دا، ئەم سیستەمە نوێیە سوودێکی زۆری بۆ حکوومەت ھەیە، لەبەر ئەوەی بە پێی ژمارەکانی ئێمە ٣٥٠ ملیۆن بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.

بەرپرسی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران، (ھیوا ئەفەندی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تا ئێستا یەک ملیۆن و ١٥٧ ھەزار کەس ناوی خۆیان لە پرۆسەی بایۆمەتریدا تۆمار کردووە، کە لەوانە ٩٢٠ ھەزار کەس سلکی مەدەنین و٢٤٠ ھەزار کەسیش سلکی سەربازین، کە ئێستا سلکی مەدەنی تەواو بووە و تەنیا ئەوانە ماون کە لە دەرەوەی وڵاتن و ھەرکاتێک ئەوانیش گەڕانەوە لە دەرفەتێکدا ناوی خۆیان تۆمار دەکەن.''

(ھیوا ئەفەندی) گوتیشی: ''لە سلکی سەربازیدا ٢٤٠ ھەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە، بۆیە ١٥ ڕۆژ بۆ سلکی سەربازی درێژ کراوەتەوە، چونکە بەشێکی زۆر کەم ماون، کە ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە، بۆیە ڕەنگە تا حەفتەی داھاتوو ئەوانەی ماویشن ناوی خۆیان تۆمار بکەن، لەبەر ئەوەی ڕێژەکە ڕۆژانە کەمتر دەبێت بۆ تۆمارکردنی ناو، بە جۆرێک کە پێشتر ڕۆژانە حەوت ھەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار دەکرد، ئەمڕۆ تەنیا سێ ھەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە.''

(ئەفەندی) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی درێژکردنەوەی پرۆسەکە بووە و ئەم جارە کۆتا وادە دەبێت و زیاتر درێژ ناکرێتەوە.''

(ئەفەندی) زیاتر گوتی: ''حکوومەت باسی ڕێژەیەکی مووچەخۆرانی خۆی دەکرد کە ملیۆنێک و٤٥٠ ھەزار کەس بوو، بەڵام بە پێی سیستەمی ئێمە بێت زیاتر لە١٠٠ ھەزار مووچەخۆر کەمتر دەبێتەوە، ئەمەش سوودێکی زۆری بۆ حکوومەت ھەیە و بە پێی ژمارەکانی ئێمە بێت، ٣٥٠ ملیۆن بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.''

(ئەفەندی) گوتیشی: ''بڕیارە لە سەرتای مانگی ھەشتەوە بە سیستەمی نوێی بایۆمەتری کار بکرێت.''

kdp-
Top