باوکێک: پەکەکە کچە 13 ساڵییەکەمیان لە نێو ماڵەکەمدا ڕفاند
یوسف خدر، باوکی کچە ئەو کچەی کە لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە ڕفێندراوە، ڕایگەیاند: "پێش دوو رۆژ، سێ کچی چەکداری پەکەکە، لە گوندی (سەردەشت)ی سەر بە شارەدێی سنوونێی سنووری شنگال ھاتنە ماڵم، بۆ ماوەیەک لەگەڵ ئێمە کەوتنە گفتوگۆ، پێمان گوتن ئەگەر پێویستیتان بە شتێکە خزمەتتان بکەین، ئەوان ڕەتیان کردەوە کە ھیچ بخۆن و ڕۆیشتن، دوای چەند کاتژمێرێک، خێزانەکەم تەلەفۆنی کرد کە کچەکەمان بەناوی ئاسیا کە لە دایکبووی ساڵی 2004ە، بزر بووە".
باوکی کچە رفێندراوەکە، ئەوەشی روون کردەوە: "من لە سەر سنوونێ بووم و یەکسەر بۆ گوندەکەم گەڕامەوە، داوام لە کەسوکاری خۆم کرد کە داوا لە پەکەکە بکەن تا کچەکەمان نەکەنە چەکدار، بەڵام ئەوان کچەکەمیان بزر کرد و گوتیان ئێمە نەمان بینیوە، ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بە دوای کچەکەمان گەڕاین".
یوسف خدر، ئەوەشی خستەڕوو: "ناچاربووم دەست بدەمە چەکەکەم و بەرەو بارەگای پەکەکە بچم، دوای گفتوگۆیەکی زۆر، دوو لە بەرپرسانی پەکەکە رازی بوون تەنیا کچەکەم ببینم کە لە خانەسۆر بوو، من و دایک و براکەی چووین و کچەکەمان بینی، داوامان لە کچەکەمان کرد کە بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو لەبەر چەکدارەکانی دیکە نەیتوانی بێتەوە و ڕێگری لێ دەکرا".
باوکی کچەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە چەکدارانی پەکەکە ھەڕەشەیان لە کچەکەی کردووە و دەڵێت: ”کچەکەم نەیدەتوانی لەبەردەم ئەوان قسە بکات، بۆیە ناچار بووم چەک ھەڵگرم و بچم کچی خۆم بینمەوە، لە خانەسۆر کچی خۆم بینیەوە و یەکسەر سواری ئۆتۆمبێلم کرد و گەڕامەوە، ئەوکات کە گرووپەکەی پەکەکە زانییان کچی خۆم بردووە، بە دوو ئۆتۆمبێل بەدوامان کەوتن، بۆیە خۆم گەیاندە ئاسایشی سنوونێ و بۆ پاراستنی ژیانی، کچەکەی خۆم ڕادەستیان کرد".
یوسف خدر، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”پەکەکە ھەوڵیان دا دووبارە کچەکەم بڕفێننەوە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکە ھاوکاریی کچی منیان کرد و نەیانھێشت بە زۆر بیڕفێنن، بۆیە داواکارین پەکەکە شنگال چۆل بکات، چونکە ھیچ کارێکی لەوێ نییە، تەنیا رفاندنی منداڵەکانمانە".
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکێک لە ڕێگەکانی زیادکردنی ھێزە چەکدارییەکانی، بریتییە لە ڕفاندنی مێردمنداڵان و پێدانی مەشق و ڕاھێنان پێیان لە ڕووی سەربازی و جەستەیی و ھزریشەوە، بۆ ئەوەی دواتر تەنیا فەرمانەکانی سەرووی خۆیان جێبەجێ بکەن. لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەکی زۆری مێردمنداڵانیان لە کوردستان ڕفاندووە.
باسنیوز
