بارزانی: سەربەخۆیی کوردستان کێشە بۆ دراوسێکان دروست ناکات
مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (لو فیگارغۆ)ی فەڕەنسی، ئاماژەی بەوە کرد کە ”کاتی سەربەخۆیی کوردستان ھاتووە و دەخوازین لەگەڵ عێراقدا بە شێوەیەکی ئاشتی و دیالۆگ سەربەخۆیی بەدەست بھێنین“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: ”نزیکەی 100 ساڵە بۆ ئەوەی یەکێتیی عێراق بپارێزین، کار کراوە، بەڵام چیمان دەستکەوتووە؟ 4500 گوندمان سووتاوە و بە چەکی کیمیاوی ھێرشمان کراوەتە سەر و تەنیا بارزانییەکان 10 ھەزار قوربانییان داوە“.
سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپات کردەوە کە ھەرێمی کوردستان دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دراوسێکانیدا ھەبێت و بە دووری زانی سەربەخۆیی کوردستان کێشە بۆ وڵاتانی دراوسێ دروست بکات، بەڵکو: ”سەربەخۆیی کوردستان ھاوکار دەبێت بۆ ئەو کێشانەی کە دراوسێکان ھەیانە“.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا سەرۆک بارزانی باسی لە ھەڵبژاردنەکەی چەند ڕۆژی داھاتووی سەرۆکایەتیی فەڕەنسا کرد و ھیوای خواست ”سەرۆک کۆماری تازە کە لە فەرەنسا دێتە سەر دەسەڵات، پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکات و لانی کەم، دژی سەربەخۆیی کوردستان نەبێت“.
لە بارەی شەڕی داعش، جەختی لەوە کردەوە کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی زۆر گەورەی بە دەست ھێناوە و ئاماژەی بەوە کرد: ”داعش بە تەواوی لە عێراق کۆتایی نایەت و ئەگەر دۆخەکە ھەروەک پێشوو بێت، داعش بە ناوی دیکە دەردەکەوێت، تاوەکوو فکری توندڕەوی لە ناوچەکە دەرنەکرێت“.
بارزانی، لەبارەی شاری کەرکووکەوە، بۆ ئەو رۆژنامەیە، ئەوەشی روون کردەوە: "ئەو دەڤەرانەی پێشمەگەی لێ جێگیر کراوە، بە تەواوی ھەرێمی کوردستانە، پێشمەرگە خاکی کەسی داگیر نەکردووە، کەرکووک، لە رووی مێژووی و جوگرافییەوە گومانی تێدانییە کە شارێکی کوردستانە، لەگەڵ ئەوەش ناڵێین کەرکووک تەنیا شارێکی کوردییە، بەڵکو خەڵکی کریستیان، عەرەب، تورکمان و کوردیشی تێدایە، ھیچ مەبەستێکمان نییە کە تەنیا نەتەوەیەک سەردەست بکەین، بۆیە دەمانەوێ لەو شارە ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، تاکو ھەموو لایەک بە ئەنجامە رازی بن، بەڵام ئەگەر بێت و ھەندێک لایەنی سیاسی و سەربازی، بیانەوێت فشار بۆ ھاووڵاتیانمان بێنن، ئێمە ھاووڵاتیانی خۆمان دەپارێزین".
بە پێویستیشی زانی کە دوای دەرکردنی داعش لە مووسڵ، ھاوپەیمانان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، لە عێراق و کوردستان بۆ ماوەیەک بمێنێتەوە.
باسنيوز
