تەرمی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور بەخاک سپێردرا
کاتژمێر 8ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2/5/2017، محەمەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور، لە کاتی چوونی بۆ شوێنی کارەکەی و دوای دەرچوونی لە بازگەیەکی ھێزە ئەمنییەکان، تەقەی لێکراوە و لەگەڵ یەکێک لە پاسەوانەکانی کە ناوی (شاھۆ)یە، تیرۆر کراون.
محەمەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور بوو، کەمێک بەر لە ئێستا تەرمەکەی لە گۆڕستانێکی شاری کەرکووک بە خاک سپێردرا.
پێشتر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای غازی باکوور کە ئەمڕۆ تیرۆر کرا، کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتیی کوردستان بوو.
ھەر ئەمڕۆ فەرھاد حەمەعەلی، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی تیرۆرکردنی محەمەد یونس، ئەوەی خستەڕوو: "دەست بەجێ ھێزەکانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێ کردووە.
گوتیشی: "ھەر کاتێک گەیشتینە ئەنجامێک، بۆ ھەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە".
باسنیوز
