بزووتنەوەی گۆڕان: ناکرێت پارێزگاری شارێک بین کە داهاتەکەی دیار نەبێت

 بزووتنەوەی گۆڕان: ناکرێت پارێزگاری شارێک بین کە داهاتەکەی دیار نەبێت
لەبری پارێزگای سلێمانی کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکەش دەڵێت: ”ناکرێت پارێزگاری شارێک بیت و داھاتەکەی نادیار بێت".

ئەمڕۆ سێشەممە 2/5/2017، لەبارەی دەست لەکارکێشانەوەی سەردار قادر، لە بری پارێزگای سلێمانی، نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕای گەیاند: "ناکرێت خۆمان بکەینە خاوەنی ھەر شتێک کە ئاگامان لێ نەبێت، پارێزگاری سلێمانی لەسەر زۆر شت قسەی خۆی کردووە، بەڵام ئەو خاڵەی کە (کەمی داھاتە) بەلای ئەو خەڵکەوە نیگەرانییە، دەبێت داھاتی شارێک شەفاف بێت بۆ ئەوەی بەرچاومان ڕوون بێت، ئەوە داھاتی گشتیی خەڵکە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە لەم خاڵەدا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانیدایە و گوتی: ”گرفتی گەورەی ئەم وڵاتە ئەوەیە کە تائێستا لە داھاتەکاندا نادیاری و نا ڕوونی ھەیە کە گرفتی ھەموو خەڵکە. دەبوو داھات شەفافتر بووایە لە سلیمانی، ئێمەش کە لەگەل ھەموو لایەنەکان و یەکێتی چووینەتە حکوومەت، مەبەستمانە ھەر کەسێک و ھەر لایەنێک بەپێی ئەو ئەرکانەی هەیەتی، جێبەجێی بکات".

بە گوتەی نزار مەحموود، گۆڕان لە شوێنێک بەرپرسیاریەتی وەردەگرت کە شەفافیەتی ھەبێت، بۆیە ”یەکێک لە خاڵەکانی پارێزگاری سلێمانی کە باسی کردووە، ئەو پرسە بووە“.

پێشتر ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ساڵانێکە داهاتی پارێزگای سلێمانی نادیارە و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیان ئاشکرا کرد کە داهاتەکە ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت. هەر ئەوکاتە پارتی دیموکراتیی کوردستان ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەوان لە نادیاریی داهاتی پارێزگای سلێمانی بێئاگان. کە داهاتی سلێمانی لەلایەن یەکێتییەوە گل دەدرێتەوە، دواتریش پارێزگای سلێمانی لێژنەیەک بۆ ئاشکراکردنی داهاتی سلێمانی پێک هێندرا، بەڵام بەهۆی کێشەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕانەوە، لێژنەکە ئاستەنگی کەوتە بەردەم.












باسنیوز
Top