کورد بە مەرج بەشداریی ھەڵبژاردنی 2018ی عێراق دەکات
سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار رای گەیاند، تا بڕیاری سەربەخۆیی کوردستان لە رێگەی پڕۆسەی ریفراندۆمەوە دەدرێت، کورد لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ناکشێتەوە و بەشداری لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ی عێراقدا دەکات.
سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، تا ئەو کاتەی کە کوردستان لەگەڵ عێراقدا مابێت و جیا نەبووبێتەوە، بەشداری لە پڕۆسەکانی ھەڵبژاردن لەو وڵاتەدا دەکات، ھەروەھا ئەم رایەڵە و دەرگایانەش داناخات کە کوردستان و عێراق وەکو کەناڵێکی پەیوەندی و گفتوگۆ بەیەکەوە دەھێڵێتەوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، لەسەر ئەم بنەمایە کوردستان لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ی پەرلەمانی عێراقدا بەشدار دەبێ و بۆ ئەوکاتیش رێوشوێن و روانگەکانی خۆی دیار دەکات، بەڵام کوردستان بەر لەو بەشدارییە مەرجێکی جەوھەریی ھەیە کە پێویستە جێبەجێ بکرێت، ئەگەر نا بەو شێوەیە ئەگەری کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق تاوتوێ دەکات.
سەرچاوەکە لەبارەی مەرجی کوردەوە ئاشکرای کرد کە دەبێت بەر لە ھەڵبژاردن یاسای ھەڵبژرادنی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بگۆڕدرێ، چونکە ئەم یاسایە بە شێوەیەکی ئەوتۆ داڕێژراوە و دواتر بەلاڕێدا بردراوە کە فەرمانڕاوایی تائیفیی لێ کەوتووەتەوە، لەبەرئەوە دەبێت ئەم یاسایە پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەکی ئەوتۆ رێک بخرێتەوە کە بەرژەوەندییەکانی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بە (کورد و سوننە و شیعە) دەستەبەر بکات و بە تەوافقی ھەموو پێکھاتەکان بێت.
عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، ھەموو ئاماژەکان وان کە ھەڵبژاردنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق بەیەکەوە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجام بدرێن، گوتیشی: ”ھەر لە ئێستاوە نوری مالیکی، بۆ پێکھێنانی زۆرینەی سیاسی دەستی بە مانۆڕێکی سیاسی کردووە، کە مەبەستی سەرەکیی ئەوەیە بتوانێ زۆرینەی شیعە و چەند ئەندامێکی سوننە و کوردیشی لەگەڵدا بێت، بەپێی لێدوانەکانیش بێ، درک بەوە دەکرێ گۆڕان پشتیوانی لەو ھەوڵەی مالیکی بکات، لەبەرامبەر بەوەش ئێمە وەکو پارتی ھەوڵی پێکھێنانی ھاوپەیمانیەتییەک دەدەین لەبەرامبەری، ئەگەر بتوانین ئەوە بکەین، ئەگەر نا ئەگەرەکان کراوەن تا ئاستی بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن و کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی“.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، چوونی گۆڕان بۆ ناو ئەو ھاوپەیمانییەتییە تەنیا ڕقە لە پارتی، ئەگەر نا ھیچ ئەجێندایەکی سیاسیی نییە و ھەموو تاکێکی کوردیش ئەوە دەزانێ مالیکی بۆ کورد نەک ھیچی لێ دەست ناکەوێت، بەڵکوو وەکو بینرا ئەو قووتی خەڵکی کوردستان لە ٢٠١٤ەوە بڕیوە، گوتی: ”ھیوادارین ھیچ لایەنێکی کوردی ئەو یارییە بە دەستکەوتەکانی ھەرێمی کوردستانەوە نەکات و یەکدەنگ بێت لەبەرامبەر بەو بڕیارانەی سەرکردایەتیی کورد دەیدات“.
جەختی لەوەش کردەوە، جگە لەو ھەوڵەی مالیکی، ھەوڵی دیکەش ھەن لەلایەن ئیئتیلافی شیعەکان و سەدرییەکان و کوردەوە، کە پێش ئەوەی مالیکی بگات بە زۆرینەی سیاسی، ئەوان ھاوپەیمانییەک پێکبھێنن، گوتیشی: ”ئەگەر مالیکی بگات بە زۆرینەی سیاسی، ئەوە بژارەی کورد بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن و کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی دەبێت“.
لای خۆیەوە، بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی رای گەیاند، بۆ کورد گرنگە لە ئێستا پێداگری لەوە بکات کە نەھێڵێت حاڵەتی تایبەت لە یاسای ھەڵبژاردنی پارێزگاکان بە کەرکووک بدات و کەرکووکیش لەم قۆناغەدا وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە یەک یاسا ھەڵبژاردنی تیادا بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوانیش پێیان باشە گۆرانکاری لە یاساکەدا بکرێت و گوتی: ”بۆ کورد باشترە یەک بازنە بێت لەوەی چەند بازنەیەک بێت، لەو حاڵەتەدا کورسییەکانی کورد لەو ژمارەیە ٣٢٨ کورسییەی پەرلەمانی عێراق زیاتر دەبێت“.
ھاوکات مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند: “مەرج نییە لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیستی ھاوبەشەوە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بکەن، بەڵام گرنگە یەک ئەجێندای ھاوبەشی کوردستانی ھەبێت، چونکە ھەموومان کێشەی نەتەوەییمان ھەیە، بەڵام ئەولەویەت لە ئێستا ئەوەیە کە پێویستە ناوماڵی خۆمان رێک بخەینەوە، ئەوکات ترس و گومانمان لە یەکتری نابێت و یەکدیش تۆمەتبار ناکەین”.
باسنيوز
