ئاسایشی کەرکووک: لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور بەردەوامە

 ئاسایشی کەرکووک: لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور بەردەوامە
گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک ئاشکرای کرد کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی تیرۆرکردنی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور دەستی پێ کردووە و بەردەوامە.



پاش ئەوەی کاتژمێر 8ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 1/5/2017 لە شاری کەرکووک و لە نزیک بازگەی یەکی حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان، محەمەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باکوور لەگەڵ پاسەوانێکی بە ناوی (شاهۆ) تیرۆر کران. فەرهاد حەمەعەلی، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، پاش ئەوەی پێشمەرگە پاراستنی سنوورەکانی کەرکووکی لە ئەستۆ گرتووە، ئارامییەکی باش لە کەرکووکدا بەدی دەکرێت.



ڕوونیشی کردەوە، دوای ئەو هێرشەی ئەمڕۆ کرایە سەر محەمەد یونس کە بەهۆیەوە تیرۆر کرا، دەست بەجێ هێزەکانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێ کردووە. گوتیشی: ”هەر کاتێک گەیشتینە ئەنجامێک، بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە“.



بە گوتەی فەرهاد حەمەعەلی، بەهۆی ئەوەی کەرکووک لەگەڵ حەویجە هاوسنوورە کە ئێستاش داعشی لێیە، بوونی دەزگایەکی ئەمنیی زۆر و هێزێکی چەکداریی زۆر و بوونی نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە لە کەرکووک، هۆکارە بۆ کردەی تیرۆریستی و ڕووداوی دیکە.



پێشتر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕاگەیاندبوو کە ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای غازی باکوور کە ئەمڕۆ تیرۆر کرا، کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتیی کوردستانە.






باسنیوز
Top