سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ئیسلامی: پێشنیاز دەکەین یوسف محەمەد دەست لەکار بکێشێتەوە

 سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ئیسلامی: پێشنیاز دەکەین یوسف محەمەد دەست لەکار بکێشێتەوە
حەسەن شێخانی، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان،
سەرەتا ئاماژەی بەوە دا کە بۆ چارەسەری کێشەکان، پێشنیاز دەکەن یوسف محەمەد، دەست لە کار بکێشێتەوە، گوتی: ”پارتی کۆمەڵێک ڕا و بۆچوون باس دەکات

دەربارەی ڕێککەوتن و سازان لەگەڵ گۆڕاندا، ئەو کاتەی کابینەی ھەشتەمیان پێکھێنا، دوایی سەرۆکی پەرلەمان کەوتە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان، ئێستا دوای ئەو کێشە زۆرانە و بارودۆخە چەقبەستووەی پەرلەمان و حکوومەت، دەبێ کێشەکان بە تاکەکەسی نەکرێن و دکتۆر یوسف دەست لە کار بکێشێتەوە و وەک ئەندام پەرلەمانێکی کارا، کارەکانی خۆی ئەنجام بدات و کەسێکی دیکە لە بزووتنەوەی گۆڕان، یان کەسێکی بێلایەن بکرێتە سەرۆک پەرلەمان و لەم حاڵەتە نەخوازراوە دەرچین“.



حەسەن شێخانی، سەبارەت بە راپرسی و سەربەخۆیی کوردستان بۆچوونی حزبەکەی دەخاتە روو و دەڵێ: مافی چارەی خۆنووسین خوای گەورە بە ئێمەی بەخشیوە، وەک میللەتەکانی دیکە دەبێت ئێمەیش کیان و دەوڵەتی خۆمانمان ھەبێت، دوای نزیکەی سەدەیەک ژیان بەسەربردن لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دیکە بۆمان دەرکەوت کە ئێمە تا ئەم قۆناغە ھێناومانە و لەمە زیاتر میللەتی کورد ناتوانێت بە ‌ژێردەستەیی بژی، یان ھاووڵاتیی پلە دوو بێـت“.



ئاشکراشی کرد، عێراق لە ساڵی ١٩٧٢ واژووی کردووە لەسەر ڕێککەوتننامەی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلان کە لە ساڵەکانی ١٩٦٦ بڕیاری لەسەر درا، بۆیە جەخت دەکاتەوە دەبێت عێراق دان بە مافی چارەی خۆنووسینی کورد بنێ. گوتیشی: ”ئێمە بەوپەڕی توانامانەوە وەک ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی دەبێت پشتگیری لە دەوڵەتی کوردییدا بکەین و ڕاپرسی بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام بدەین، دوای نزیکەی سەدەیەک بە ڕاپرسی جیا دەبینەوە“.



روونیشی کردەوە، ئێستا ڕاپۆرتەکان ئاماژەی پێ دەدەن و دیفاکتی ناوچەکە وا ئاماژە دەکات کە دەوڵەتێک بۆ کوردستان فەراھەم دێت: "مێژووش ڕەحم بەم سەرکردایەتییەی ئێستای کورد ناکات ئەگەر دەوڵەتی کوردی ڕانەگەیەنن، چونکە لەم ھەلومەرجە گونجاوتر نییە بۆ میللەتی کورد، دەکرێت سەرەتا کۆنفیدراڵی رابگەیەنین پاشان سەربەخۆیی".



بەو پێیەی بزووتنەوەی ئیسلامی نزیکایەتیی لەگەڵ ئێراندا ھەبووە، سەبارەت بە پرسی ئەوەی ئایا ئێران دواجار دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا دەنێت، ئەو لە وەڵامدا دەڵێ: ”ئێستا سیاسەتی ئێران زۆر عاقڵانەترە و خوێندنەوەی ئێرانییەکان بۆ ناوچەکە ڕوونتر و قووڵترە، یەکەمجار کە ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، ئێران و تورکیا و زۆر ڕاگەیاندنەکان دژایەتییان دەکرد، لەگەڵ حکوومەتی عێراق ھەموو جۆرە گەمارۆیەکیان خستە سەر گەلەکەمان و حکوومەتەکەمان، بەڵام خۆڕاگریی میللەتی کورد و دانایی سیاسەتمەدارانی کورد بە ھەموو پارتەکانەوە، سیستەمی فیدڕاڵیی کرد بە ئەمری واقیع، ئێستا زۆرترین وەبەرھێنان وڵاتانی تورکیا و ئێران لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن“.



حەسەن شێخانی، سەبارەت بە پرسی نزیکبوونەوەی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان گوتی: ”ئەمە یەکەم جار نییە پارتە ئیسلامییەکان پڕۆژەی یەکبوون و یەکگرتنیان ھەبێت، لە ساڵی ١٩٩٩-٢٠٠٠ بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕاپەرینی ئیسلامی یەکیان گرت و ناویان نا بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی، بەڵام بە ھۆکاری دژایەتیکردنی ئەو یەکبوونیەوە بە پیلانی دەرەکی و ناوەکی ئەو پڕۆژەیە لەبار برا“.



زیاتر دوا و گوتیشی: ”ئێستاش دوای ئەو ھەلومەرجانەی لەناو گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا ھاتووەتە کایەوە و وەک شێوازێکی خەباتی مەدەنی و کاریگەریی دەنگی ئیسلامییەکان و پرس و ڕا پێکردنیان لە بابەتە چارەنووسسازەکاندا ھەوڵ و کۆششی تەواو دەدرێت، کەوا لە ھەڵبژاردنەکاندا بە یەک لیست بەشداریی ھەڵبژاردنەکاندا بکەن، بەڵام وەک کارکردن لەنێو یەک حزبدا بۆ ئەم قۆناغە کارێکی قورسە، ھەنگاوی گەورە ئەگەر ڕەچاوی ھەموو وردەکارییەکانی نەکرێت، مەحاڵە ئەگەر شکستی ھێنا دەرەنجامەکەی زۆر قورس دەبێت“.



سەبارەت بە حەشدی شەعبی و مەترسییەکانی بۆ سەر کوردستان، شێخانی گوتی: ”ئێستا لە عێراقدا نزیکەی ٨٠ میلیشیا ھەن، ‌ھەر یەکەیان سەرکردە و ھەڵوێست و ڕەفتاری جودای لەگەڵ ئەوی تردا ھەیە، ئەم میلیشیایانە ھەزارەھا تاوانیان ئەنجام داوە، سەرکردەکانیان ناوبەناو ھەڕەشە لە کورد دەکەن و چەندین ڕۆڵەی کوردیان شەھید کردووە و بوونەتە ھەڕەشەی گەورە بۆ عەرەبەکانی سوننە و تورکمانەکانی سوننە و ئایینزاکانی دیکە، دوای جەنگی داعش و لە کاتی ئازادکردنی شاری حەویجەدا ئەگەری ئەوە ھەیە ھێزی زۆر کۆ بکەنەوە و ھەوڵ بدەن شەڕ بە پێشمەرگە بفرۆشن، ئەمانە زۆر خەڵکی خراپن و مەترسیی گەورەن بۆ سەر عێراق و بە تایبەت میللەتی کورد“.



ئەو کە سەرکردەیەیەکی بزووتنەوەی ئیسلامییە لە کەرکووک سەبارەت بە گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەی گوت: ”حزبە کوردستانییەکان لە ٢٤-٤-٢٠١٧ کۆبووینەوە ھەموو لایەنەکان جەختیان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ھەڵبژاردنەکان لە شاری کەرکووک کردەوە، بۆ ئەو مەبەستە لیستی برایەتی زۆرینەی بەدەست ھێناوە، بەڵام پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دابووە تورکمانەکان و جێگیری پارێزگایش بۆ برا عەرەبەکان، کە بە ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن بێت نەدەبوو ئەو پۆستەیان پێ بدرێت“.




باسنیوز
Top