فەرید زامدار دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە یەکێتی دەکات

 فەرید زامدار دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە یەکێتی دەکات
فەرید زامدار، نووسەر و راگەیاندکار و ھونەرمەندی شێوەکار و پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی دێرینی ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای ٤٠ ساڵ لە ئەندامێتی و خەبات لەناو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیدا، رۆژی ٢٤-٤-٢٠١٧ نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بۆ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی نووسیوە و وازھێنان و دوورکەوتنەوەی خۆی لە تەواوی ئۆرگانەکانی ئەو حزبە راگەیاندووە.



بەپێی نامەی دەستلەکار کێشانەوەکەی، کە رێکەوتی ٢٤-٤-٢٠١٧ی لەسەرە و ، فەرید زامدار کە ھاوکات دۆستیکی نزیکی جەلال تاڵەبانی سکرتیری گشتیی حزبەکەی بووە لە سەردەمی خەباتی شاخەوە، دوورکەوتنەوەی (مام جەلال)ی لە گۆڕەپانی سیاسی و حزبی و کۆمەڵێک ھۆکاری دیکەی (کە ناوی نەھێناون) بە ھۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکەی داناون و دوای خەباتێکی دوورودرێژی ٤٠ ساڵەی شاخ و شار، لەناو رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و یەکێتی و پێشمەرگە دێرینەکان و مەکتەبی راگەیاندن، وازھێنانی خۆی لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئۆرگانەکانی راگەیاندووە.



وەک لە نامەکەیدا ئاماژەی بۆ کردووە، لەدوای ئەم دەست لەکارکێشانەوەیەی، خۆی بە ئازاد دەبینێ و ئازادیشە لەمەودوا لەھەر مینبەرێکی دیکەدا درێژە بە کاری سیاسیی خۆی بدا. لەگەڵ ئەوەشدا ھیوای بۆ ھەڤاڵانی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خواستووە کە حزبەکەیان بگەڕێننەوە سەر رێبازە ڕاستەقینەکەی (مام جەلال) و درێژە بە کاری سیاسی بدەن.



ئەمەی خوارەوە دەقی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی فەرید زامدارە:





بەڕێز.. برا و ھاوڕێی دێرینم و برای گەورەم کاک کۆسرەت، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی (ی.ن.ک)، بەڕێزان برا و ھاوڕێیانم ئەندامانی (م.س)ی (ی.ن.ک)، بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی(ی.ن.ک)، بەڕێزان برا و ھاوڕێیانم لە کۆمەڵەی ڕێکخستنە دێرینەکانی (ی.ن.ک)، بەڕێزان ھاوڕێیانم لە کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، بەڕێزان ھەموو ھاوڕێ و دۆستانم لە سەرجەم دامودەزگاکانی یەکێتی و سەرجەم بنەماڵەی شەھیدە سەربەرزەکانی یەکێتی:



سڵاوێکی گەرم



بابەت/ دەست لەکارکێشانەوە



بەھۆی دوورکەوتنەوەی ھەڤاڵی بەڕێز جەنابی(مام جەلال) لە گۆڕەپانی سیاسی و یەکێتی و کۆمەڵێک ھۆ و ھۆکاری تر و دوای درێژەدانم بە خەباتی سیاسیی نھێنی لە (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) زیاتر لە (١٠) ساڵ و چەندین ساڵیش پێشمەرگایەتی، واتە دوای (٤٠) ساڵ خەبات، بڕیارم دا دەست لەکارکێشانەوەم لە (ئەندامیەتیی ئەنجومەنی مەکتەبی ناوەندیی ڕاگەیاندن) بە تایبەتی و (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بەگشتی پێشکەش بە بەڕێزتان بکەم، کە لە ئەمڕۆوە ھیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیم لەگەڵ یەکێتیدا نەماوە و وەک کەسێکی ئازاد دەژیم و ئازادیشم لە چ مینبەرێکی سیاسیی تر درێژە بە خەباتی سیاسیی خۆم دەدەم و ھیواداریشم کە یەکێتی حزبی شەھیدان و سەرفرازانی کوردستان بگەڕێتەوە سەر ڕێبازە ڕاستەقینەکەی جەنابی (مام جەلال).



داوای بەخشین و لێبوردن لە ھەموو لایەکتان دەکەم.



ھیوداریشم ھەمیشە ڕۆڵی جوامێرانەی خۆتان لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان بە ڕێبازە سیاسییە ڕاستەقینەکەی جەنابی مام جەلال درێژە پێ بدەن.





برای دڵسۆزتان

فەرید زامدار

٢٤/٤/٢٠١٧

ھەولێر




باسنیوز
Top