پەکەکە ئاڵای عێراق لەسەر بارەگاکانی لە شنگال بەرز دەکاتەوە

 پەکەکە ئاڵای عێراق لەسەر بارەگاکانی لە شنگال بەرز دەکاتەوە


پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڕیاری بەرزرکردنەوەی ئاڵای عێراقی لەسەر بارەگاکانی لە شنگال دەرکرد.



بەپێی ئەو زانیارییەكان ، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 30/4/2017ی فەرماندەکانی پەکەکە لە شنگال، بڕیار دراوە ئاڵای عێراق لەسەر سەرجەم بارەگاکانی ئەو حزبە لە دەڤەرەکە بەرز بکرێتەوە و هەر ڕۆژی یەکشەممەش (1/5/2017) لە هەندێک بارەگایاندا ئاڵای عێراق بینراوە.



لەمبارەیەوە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال زانیارییەکەی پشتڕاست کردەوە و ئەوەی ئاشکرا کرد کە زانیارییان هەیە پەکەکە ئاڵای عێراقی لەسەر بارەگاکانی لە شنگال بەرز کردووەتەوە.



پێشتر د. ماجد شنگالی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرا کردبوو کە پەکەکە لەوە گەیشتووە، دوای بۆردومانەکەی تورکیا، مانەوەی لە شنگال ئەستەم دەبێت، بۆیە بڕیاری داوە بە پشتیوانیی نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، 3 حزب لە شنگال بە ناوی جیاجیا دروست بکات و خۆیان لەو چوارچێوەیەدا بشارنەوە. بۆیە گومان دەکرێت بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق پەیوەندی بەو بابەتەوە هەبێت.



لە ماوەی ڕابردوودا فەرماندەی یەکەمی پەکەکە لە شنگال لە کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیکی بە ئاشکرا ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەوان خۆیان بە هێزێکی عێراقی دەزانن و هەوڵی ئەوە دەدەن کە شنگال نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و سەربەخۆیی کوردستان ڕانەگەیەندرێت.







باسنیوز
Top